لەمانگی ئابدا داعش 100 چالاکی لە عێراق ئەنجامداوە

  2020-09-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رێکخراوی داعش لە مانگی ئابدا لە سەرتاسەری عێراق 100 چالاکی و جموجوڵی چەکداری و پەلاماردانی ئەنجامداوە.

یەکێتی لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی تیرۆر(TRAC ) لە ڕاپۆرتێکدا کە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی بڵاویکردۆتەوە ڕایگەیاندوە چالاکییەکانی داعش بەراورد بە مانگی تەموز سەدا 25 زیادی کردوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە داعش زۆرینەی چالاکییەکانی لەو ناوچانە ئەنجامداوە کە پێشتر بە دەستیوە بوون و دواتر هێزە عێراقیەکان کۆنتڕۆڵیان کردۆتەوە.

یەکێتی لێكۆڵینەوە و شیکردنەوەی تیرۆر (TRAC ) ئاشکراشیکردوە داعش بەفەرمی بەرپرسیاریەتی خۆی لەو 100 هێرش و پەلامارە ڕاگەیاندوە بەوەش دەردەکەوێت داعش چالاک بوەتەوە.

کەناڵی فۆكس نیوز باسی ئەوەشیکردوە، زیادبوونی پەلامارەكانی داعش دوبارە مەترسی لەسەر ئەو ناوچانە دروست دەکاتەوە و زیادبوونی ئەم جموجوڵ و چالاکیانەش کە شانە نوستوەکانی داعش ئەنجامی دەدەن نیگەرانی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی دروستکردوە.

هاوکات کەناڵەکە ڕایگەیاندوە لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاژانسی ئەسۆشێتیدپرێسی ڕاگەیاندوە ئێمە بۆ ڕووبەڕوونەوەی گروپە توندڕەوەکان و پاشماوەکانی داعش پێویستمان بە هاوکاری ڕاستەوخۆی ئەمریکا نیە.

کازمی ئەوەشی بە ئاژانسەکە وتووە هێزە عێراقییەکان لە توانایاندایە ناوچەکان بپارێزن، جموجوڵەکانی داعش کۆنتڕۆڵبکەن، بەڵام پێویستی زۆرمان بە ڕاهێنان و پێدانی چەکی پێشکەوتووە لەلایەن هاوپەیمانان و بەتایبەت ئەمریکاوە.


ڕیکلام