سبەینێ پەرلەمانی عێراق لەسەر چەند یاسایەک کۆدەبێتەوە

  2020-09-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بڕیارە سبەینێ پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و گفتوگۆ لەسەر چەند یاسایەکی گرنگ بکات لەوانە یاسای هەڵبژاردن و هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی.

بەپێی بەرنامەی کاری دانیشتنەکە ڕاپۆرتێکی لیژنەی یاسایی لەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن لە یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان پێشکەش دەکرێت.

هەروەها خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی دەکرێت، کە ئێستا بەهۆی خانەنشین بوونی ئەندامێکی داداگاکەوە کارەکانی وەستاوە.

لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت و گفتوگۆش لەسەر یاسای داواکاری گشتی و رێکخستنی بڕوانامە زانستیەکان دەکرێت.

ئەوە لەکاتێکدایە چەند مانگێکە بەهۆی پشووی پەرلەمان و بڵاوبونەوەی کۆرۆنا و توشبوونی ژمارەیەک پەرلەمانتار دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق وەستاوە.


ڕیکلام