چیرۆکە دووبارەکەی هەولێر

  2020-09-05  | 
دۆسیە:  هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە دیاریکراوی لە ساڵی 2018ەوە خەڵکی هەولێر بینەری چیرۆکێکی تراژیدی و دووبارەی سووتانی بازاڕە میللییەکانن، کە زۆربەی ئەو بازاڕانە دەکەونە سەنتەری شارى هەولێر و وەک بەشێک لە دوکاندارەکانیش دەڵێن، چاوی دەیان بەرپرس و سەرمایەداریان لەسەرە بۆ ئەوەی شوێنەکانیان بکرێنە مۆڵ و بازاڕی سەردەمیانە.


سووتانی بازاڕە مللییەکان هێندە دووبارەن گومانی زۆرى لاى خەڵک و دوکاندارەکان دروستکردووە، بۆچی لەو ماوەیەدا ئاگر تەنیا لەو بازاڕە میللیانە کەوتوونەتەوە کەسەرچاوەی بژێوی هەزاران خێزانی هەولێرن.

چیرۆکی سوتانی بازاڕەکانی هەولێر لەم چەند ساڵەى رابردوودا لێرەوە دەستپێدەکات

درەنگانێکی شەوی 8ی ئابی 2018 ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی سێبیران کەوتەوە کە سەنتەری شار و بەرامبەر قەڵای دێرینی هەولێرە، بازاڕەکە نزیکەی 150 دوکان لەخۆ دەگرێت کە بەشێکی زۆری پێداویستی ناوماڵ و جلوبەرگی تێدایە، بەهۆی ئاگرەکەوە نزیکەی 100 دوکان سووتان خاوەن دوكانەكانی ئەو بازاڕە باسیان لەوە کرد بوو هەر دوكاندارێك لە 10هەزار دۆلارەوە تاوەکو 20هەزار دۆلار زیانی بەركەوتووە و بەرگری شارستانی هەولێر زیانەکانی بازاڕەکەی بە سێ ملیار و 229 ملیۆن دیناری عێراقی خەمڵاند.

لە هەمان ساڵ درەنگانێکی شەوی 24ی ئۆکتۆبەری 2018 بازاڕی لەنگەی ھەولێر کە دووەم بازاڕی گەورەی شاری هەولێرە ئاگری گرت، بازاڕی لەنگەی هەولێر دوو هەزار و 400 دوکانی تێدایە و بەهۆی ئاگرەکەوە  بەشێکی زۆری دووکانەکانی سووتان .

بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر، زیانی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی لەنگە بە 18 ملیار و 475 ملیۆن دینار خەمڵێنراوە، ئەوە جگە لە تێچوونی نۆژەنکردنەوەی دوکانەکان کە بۆ هەر دوکانێک نزیکەی 2500 دۆلار بۆ 3000 دۆلاری پێویست بووە، دوای سووتانەکە مەرجەکانی بەرگری شارستانی لە بازاڕەکە جێبەجێکران.

بەرەبەیانی رۆژی 24ی تەممووزی 2020 ئاگر لە بازاڕی سیمی هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە دووکانەکانی بازاڕەکە زیانیان بەرکەوت و سووتان؛ تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە شەش کاتژمێر ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکرد و زیانەکانیش بە سێ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێن.

بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی پارێزگاری هەولێر، بەهۆی ئاگری بازاڕەکەوە زیاتر لە 230 دووکان زیانیان بەرکەوت.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا لەسەر ئەرکی حکومەت، بە شێوەیەکی کاتی ئەو دووکانانەی کە سووتاون نۆژەنبکرێنەوە.بڕیار درا شوێنێکی دیکەیان بۆ دەستنیشان بکرێت بۆ دروستکردنی بازاڕێکی نوێ و خزمەتگوزارییەکانی وەکو تۆڕەکانی ئاو، کارەبا، قیرتاوکردنی شەقامەکانی، سیستەمی بەرگریی شارستانی، لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینبکرێت.
دواین جار و رۆژی 1ی ئەم مانگە ئاگرێكی گەورە لە بازاڕێكی كۆنەفرۆشان لە گەڕەكی "مامزاوە"ی شاری هەولێر كەوتەوە و زیانێكی زۆری ماددی لێكەوتەوە و ژمارەیەک دوکان سووتان کە هەردوکانێک بایی ٤ تا ١٠ دەفتەر بابەتی دەستی دووی تێدابووە. 

لێرەدا پرسیار ئەوەیە بۆچی حکومەتی هەرێمی و کوردستان دەزگا پەیوەندیدارەکان پێش کەوتنەوەی ئاگرەکان هیچ ئامادەکارییەک ناکەن بۆ ئەوەی رێگە لە ئاگرکەتنەوە و زەرمەندبوونی هاوڵاتیان و دوکانداران  بگرن وەک ئەوەی هەمیشە دەوترێت خۆپاراستن لە چارەسەر کردن باشترە.


ڕیکلام