تەندروستی عێراق: یەکەم کەس دەبین پێکوتەی دژی کۆرۆنا هاوردە دەکەین

  2020-09-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، دوای سەرکەوتنی تاقیکردنەوەکان لەسەر پێکوتەکانی کۆرنا و پەسەندکردنی، یەکەم وڵات دەبن کە چارەسەرەکە هاوردە دەکەن.

حەسەن تمیمی وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراقی ڕاگەیاندووە، لەگەڵ وڵاتانی جیهان لەپەیوەندیدان، بەمەبەستی هاوردەکردنی پێکوتەی تایبەت بە چارەسەرکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لەوبارەیەوە وتی "وەزارەت چاوەڕوانی بڕیاری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییە بۆ پەسەندکردنی پێکوتەکان، ئەو کاتەش عێراق یەکەم وڵات دەبێت کە پێکوتەکە بۆ خۆی هاوردە دەکات".

ئاماژەب بەوەشکردووە، هاوردەکردنی هەر پێکووتەیەک لەبنەڕەتەوە پشت دەبەستێت بە پەسەندکردنی لەسەر ئاستی جیهان و دڵنیاییی لە سەرکەوتنی و پێشت پێ بەستنی بەشێوەیەکی فەرمی لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە.

وەزیری تەندروستی عێراق ڕوونیکردەوە، سەرجەم ئەو چارەسەرانەی کە لەچوارچێوەی پڕۆتۆکۆلی چارەسەری جیهانیدا پەسەند کراون، لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە دەستبەرکراوە و بە بڕی زۆر پێویست لەبەردەستدان لەپێناو چارەسەرکردنی تووشبوانی کۆرۆنا، بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە بە سوکی و مامناوەندی و قورس پەتاکەیان گرتووە.

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق داوای لەهاوڵاتیان کرد، پابەندی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بن، هەروەها پابەندی بنەماکانی خۆبەدوورگرتن و تێکەڵاوی کۆمەڵایەتی بن، چونکە هەموو ئەوانە هۆکارن بۆ کەمبوونەوەی ژمارە و ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.



ڕیکلام