بزوتنەوەى گۆڕان لە بەردەم شەپۆلى سێیەمى ناڕەزایەتیدا

  2020-09-08  | 
سلێمانی
لۆگۆی بزوتنەوەی گۆڕان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نزیکەى سێ ساڵ و نیو پێش ئێستا، بە راگەیاندنى هەواڵی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا زۆر کەس راچڵەکین، هەندێک پێیانوابوو بە نەمانى نەوشیروان مستەفا ئیدى بزوتنەوەى گۆڕانیش کۆتایی دێت، بەڵام سەرکردەکانى گۆڕان بەڵێنیاندا کە پێچەوانەى ئەو پێشبینییە کار بکەن و دەیانوت نەوشیروان مستەفا تەنها وەک جەستە رۆیشتووە، بەرنامە و پرۆگرامەکەى وەک خۆى دەپارێزن و جێبەجێى دەکەن.

بەڵام ئەو یەکڕیزى و پێکەوە کارکردنە لەناو بزوتنەوەى گۆڕاندا، تەنها تا کەمتر لە ساڵێک دواى کۆچى دوایی نەوشیروان مستەفا بڕى کرد، بە دیاریکراوى تا ئەو کاتەى هەڵبژاردنى 12ى ئایارى 2018ى پەرلەمانى عێراق بەڕێوەچوو.

ئەو هەڵبژاردنە کە وەک یەکەم تاقیکردنەوەى بزوتنەوەى گۆڕان بوو لە غیابى نەوشیروان مستەفادا، گۆڕان بە ئەنجامێکى خراپ لێى هاتە دەرەوە و نزیکەى نیوەى کورسییەکانى بەغداى لە دەستدا.

ئەم ئەنجامە خراپەى هەڵبژاردن و دواتر داننان بە ئەنجامەکەى لە لایەن گۆڕانەوە، کێشە ناوخۆییەکانى بزوتنەوەکەى هێنایەوە پێشەوە و قوڵترى کردنەوە، ئەو کێشانەى کە لە سەردەمى نەوشیروان مستەفاشدا هەر هەبوون، بەڵام تا خۆى لەژیاندا بوو چارەسەرى دەکردن و یه‌کلایی که‌ره‌وه‌ی‌ هه‌موو بڕیاره‌کان بوو.

لێرەوە یەکەم شەپۆلى ناڕەزایی لەناو بزوتنەوەى گۆڕاندا دواى کۆچى دوایی نەوشیروان مستەفا دەستیپێکرد، دەیان هەڵسوڕاو و سەرکردەى دیار کە لە سەرەتاى دامەزراندنەوە لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان کاریان دەکرد لە بزوتنەوەکە دوورکەوتنەوە.

دیارترین ئەو سەرکردانەى لەو ماوەیەدا لە بزوتنەوەى گۆڕان نیگەران بوون و ریزەکانیان جێهێشت هەریەکە لە عوسمانى حاجى مەحمود و قادرى حاجى عەلى بوون، ئەمە جگە لە چەندین هەڵسوڕاوى دیکە لە ئاستى ژوور و باژێروانەکان و پەرلەمانتارەکانى پێشوو.

لەو سەروبەندەدا هەڵبژاردنى 30ى ئەیلولى 2018ى پەرلەمانى کوردستان هاتە پێشەوە، بزوتنەوەى گۆڕان بەهۆى ئەو کێشە ناوخۆیانەى تێیکەوتبوو هەوڵى زۆریدا هەڵبژاردنەکە دوابخرێت بەڵام هەوڵەکانى سەرى نەگرت، بە ناچارى بە ناکۆکییە قوڵەکانییەوە چووە هەڵبژاردنەکەوە، دیارترین سەرکردەکانى پێشووى بزوتنەوەکە هەڵسوڕاوەکانیان هانەدەدا بایکۆتى هەڵبژاردن بکەن، سەرەنجام بزوتنەوەى گۆڕان بە ئەنجامێکى قورستر لەوەى پەرلەمانى عێراق لە هەڵبژاردنەکە هاتەدەرەوە، بە جۆرێک ژمارەى کورسییەکانى بۆ نیوەى ڕێک کەمیکرد و لە 24 کورسییەوە بوو بە 12 کورسى.

دواى هەڵبژاردنەکە، لەناوخۆى بزوتنەوەى گۆڕان ناڕەزایەتییەکى زۆر سەریان هەڵدا، داوایان دەکرد رێکخەرى گشتى و ئەندامانى خانەى راپەڕاندن بەرپرسیارێتى ئەو شکستە گەورەیە هەڵبگرن و دەستلەکاربکێشنەوە، بەڵام نەک گوێ لەو ناڕەزایەتییانە نەگیرا بەڵکو بڕیارى چوونە حکومەتیشان دا، ئەوەش هێندەى تر ناکۆکییەکانى تەقاندەوە.

لێرەوە شەپۆلى دووەمى ناڕەزایەتییەکان لەناو بزوتنەوەى گۆڕان دواى کۆچى دوایی نەوشیروان مستەفا دەستیپێکرد، کە لەم شەپۆلەدا چەندین هەڵسوڕاوى دیار دژایەتییان بۆ سیاسەتى بزوتنەوەى گۆڕان ڕاگەیاند لەسەرووى هەموویانەوە سێ پەرلەمانتاریان لە پەرلەمانى عێراق لە کۆى پێنج پەرلەمانتارى فراکسیۆنەکەیان کە ئەوانیش بریتى بوون لە غالب محەمەد، کاوە محەمەد و هۆشیار عەبدوڵا.

بزوتنەوەى گۆڕان بە ئومێدى ئەوەى لەم کابینەیەدا چاکسازیی دەکرێت و ژیانى خەڵک باشتر دەکرێت، بەشدارى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کرد، بەڵام دواى تێپەڕبوونى زیاتر لە ساڵێک لە پێکهێنانى کابینەکە، نەک چاکسازییەکى ئەوتۆ نەکراوە، بەڵکو ژیان و گوزەرانى خەڵک سەختتر بووە، لەم نێوەندەدا بزوتنەوەى گۆڕان لەناوخۆى خۆى رووبەرووى فشارێکى زۆر بووەتەوە و داواى کشانەوەى دەکەن لە حکومەت.

ئەم دۆخە نوێیە، سەرى کێشاوە بۆ سەرهەڵدانى شەپۆلى سێیەمى ناڕەزایەتییەکان لەناو بزوتنەوەى گۆڕاندا دواى کۆچى دوایی نەوشیروان مستەفا، ئەوەى جێگەى سەرنجە ئاڵا هەڵگرى ئەم شەپۆلە نوێیەى ناڕەزایەتى ناو گۆڕان ئەو کەسانەن کە وەک رەخنەگرانیان دەڵێن، تا ماوەیەکى کەم پێش ئێستا بەرگریکارێکى سەرسەختى سیاسەتەکانى ئێستاى بزوتنەوەى گۆڕان بوون و پشتوپەناى بڕیارەکانى رێکخەرى گشتى و خانەى راپەڕاندن دەکرد.

دیارترین ئەو کەسانەى سەرکردایەتى ئەم شەپۆلە نوێیەى ناڕەزایەتى ناو گۆڕان دەکەن پێکهاتوون لە:

_ لەسەر ئاستى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق هەر یەکە لە یوسف محەمەد و بەهار مەحمودن بەو پێیەى ئیمزایان لەسەر هەموو ئەو بەیاننامانە کردووە کە بە ناوى فراکسیۆنى گۆڕانەوە دژى سەرکردایەتى ئێستاى گۆڕان دەرکراون.

_ لەسەر ئاستى پەرلەمانى کوردستانیش بریتییە لە عەلى حەمەساڵح سەرۆکى پێشووى فراکسیۆنى گۆڕان کە بەهۆى نیگەرانى و ناڕەزایەتییەکانییەوە لە سیاسەتى ئێستاى بزوتنەوەکەى و فشارەکانى سەرى بۆ کشانەوەى ئیمزاى بانگهێشتکردنى سەرۆکى حکومەت، دەستى لە هەردوو پۆستى سەرۆکى فراکسیۆن و ئەندامێتى جڤاتى نیشتمانى کشاندەوە.

_ لەسەر ئاستى سەرکردایەتى بزوتنەوەى گۆڕانیش، جەلال جەوهەر ئەندامى خانەى راپەڕاندن لە دیارترین ناڕازییەکانە و ماوەیەکە نیگەرانە و بەشدارى کۆبوونەوە فەرمییەکانى گۆڕانى نەکردووە، هەرچەندە تائێستا بە فەرمى خۆى هیچ لێدوانێکى نەداوە بەڵام لە چەند رۆژى رابردوودا هەندێک لە میدیاکان بڵاویانکردەوە کە نامەى دەستلەکارکێشانەوەى پێشکەشى بزوتنەوەى گۆڕان کردووە.

جەلال جەوهەر لە ماوەى چەند ساڵى رابردوودا وەک کەسى دووەمى ناو بزوتنەوەى گۆڕان دەرکەوتووە و هەر خۆشى سەرۆکى شاندى گۆڕان بوو بۆ پێکهێنانى حکومەت.

هەندێک لەو کەسانەى لە نزیکەوە چاودێرى دۆخى ناوخۆى بزوتنەوەى گۆڕان دەکەن دەڵێن، پێشبینى ئەوە دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا، دابەشبوونێکی گەورەتر لەناو گۆڕان رووبدات.

رۆژنامەنووس کەمال چۆمانى لەبارەى رووداوەکانى ئەم دوایەى ناو بزوتنەوەى گۆڕان نوسیویەتى "ئەوەی ئێستا گۆڕان توشی بووە، خودی ئەوانە هۆکارن کە ئێستا دژین".

دەشڵێت، بەشێک لەو کەسانەى ئێستا لە بزوتنەوەکە نیگەرانن، شەخسیی لەگەڵ من هەوڵیاندەدا تێمبگەیەنن کە بە بنەماڵەییبوونی بزوتنەوەکە راست نییە.

ئێستا دواى 11 ساڵ لە دروستبوونی، هەلومەرجى ناوخۆیی بزوتنەوەى گۆڕان لە هەموو کات سەختترە، زۆرێک لە هاوڵاتیان و چاودێرانیش پێشبینى ئەوە دەکەن ئەم دۆخەى ئێستا گۆڕانى تێکەوتووە لە هەڵبژاردنەکانى داهاتوودا بە ئاشکرا ئەنجامەکەى دەردەکەوێت بەجۆرێک کاریگەریی دەبێت لەسەر قەبارە و هێزى بزوتنەوەى گۆڕان لە گۆڕەپانى سیاسى هەرێمى کوردستاندا.



ڕیکلام