خۆکوشتن لەنێوان نوسەر و کەسى ئاساییدا

  2020-09-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
خۆکوشتن، دوا ئیمکانە کە کەوتووەتە ناو سنورى ژیانەوە.

دوا ئیمکانە لە لێوارى ژیان و بووندا. ئەوە شارستانیەت و کەلتورى مرۆییە کە پێناسەى جۆراوجۆرى بەسەر ئەم ئیمکانەدا سەپاندووە و بە باش یان خراپ حوکمى لەسەر داوە. خۆکوژى خۆى لە خۆیدا ئیمکانێکى ڕووتە و کاتێک بەراوردى کۆى بوون و گەردوونى دەکەین شتێکى نە نەرێنییە و نە ئەرێنییش. ئیمکانێکە، بارگۆڕانێکى مادییە، کوژانەوەى تەنێکى مرۆییە. ئەوە پانتایى ڕەمزییە دواتر دێت و ئەمە وەک ڕووداوێک دەخەمڵێنێت و حوکمى باش و خراپى بەسەردا دەدات.

ئەو کەسەشى خۆى دەکوژێت، بەجۆرێک لە جۆرەکان بەر دواسنورە ڕەمزییەکان دەکەوێت. سنورى ڕەمزى واتە سنورى کەلتور و کۆمەڵگا و سەرەنجامیش بوون. لەبەر ئەمە مرۆڤ بەر لەوەى لەبەر هۆکارێکى زۆر دیاریکراو خۆى بکوژێت، ئەوا لەبەر ئەوە خۆى دەکوژێت کە هەیە. بوونەکەى جۆرێک لە ئیمکانى ڕووتە کە پێى دراوە و پێدەچێت هۆکارێک ببێتە بیانوو کە کۆتایى بەم ئیمکانە بهێنێت پێى بەخشراوە.

خۆکوشتن لە کۆدا دیاردەیەکى مرۆییە و نەبەستراوەتەوە بە ئاستى هۆشیارییەوە. ئاستى هۆشیارى پتر لەوەدا ڕۆڵ دەگێڕێت کە بە کام ئامانج و غایەت نەگەیت ئیتر خۆت دەکوژیت(گەرچى ئەمەش ڕەها نیيە و دەکرێت نوسەرێک و بیریارێک لەبەر ئامانجێکى زۆر بەرایى خۆى بکوژێت). بوون پێش هۆشیارى دەکەوێت، بۆیە خۆکوشتن کۆتایى بە بوونێک-بوونەوەرێک دێنێت و هۆشیارییەکە تۆزێک فۆرم و هەلومەرجى خۆکوژییەکە دەگۆڕێت و هیچى تر. مێژوو خۆى شایەتە کە لە هەموو ئاستەکانى هۆشیارییدا، خۆکوشتن هەبووە و جۆرەها ئامانجى سەیروسەمەرەشى لەپشتەوە بووە.

بەپێى دەروونشیکارى، ڕەنگە هەڵە نەبین گەر بڵێین خۆکوشتن جۆرێکە لە خۆ-خەساندن. ئەویش بەو پێیەى کە فرۆید مردن بە خەسان دادەنێت. خەسان ئەو گرێ بنەڕەتییەیە کە بوونى مرۆڤى لەسەر هەڵکەوتووە و ژیانى مرۆڤ بەپێى دوورى و نزیکى لەو گرێیانەوە ڕێکخراوە. بۆنمونە: گرێى ئۆدیب، گرێى خەسان،...هتد.

کاتێک کەسێک دەمرێت، چ ئاسایى بێت یان نا، ئەوا بوونى ئەو کەسە دەخەسێت. کۆى وجودى لەدەستدەدات. وەکچۆن منداڵ لەسەرەتاوە دایکى لەدەستدەدات و باوک دێتەناوەوە و گرێى ئۆدیب درووستدەبێت و منداڵ تووشى خەسانێکى ڕەمزى دەبێت، هەر بەو جۆرەش مرۆڤ کاتێک دەمرێت کۆى چوارچێوە گەورەکەى لەدەستدەدات. لەدەستدانیش ناوێکى ترە بۆ خەسان، هاوتاى خەسانە. یان پاشایەک کاتێک تاجەكەى لەدەستدەدات پێى دەورتێت خەسانى ڕەمزى.

ئەو لەڕووى ڕەمزى و کۆمەڵایەتییەوە تووشى خەسان هاتووە. ئەو شتەى لێ داشکێنراوە کە وەک داراییەک هەبوو: تاج. کەسى خۆکوژیش بەدەستى خۆى، خۆى دەخەسێنێت.

دیارە لە باگراوەندى کەلتوریى کۆمەڵگاى ئێمەدا خەسان دەنگدانەوەیەکى پیاوسالارانەى هەیە و زۆریش نەرێنییە. بۆنمونە دەوترێت فڵان کەس خەسێنراوە، ئەوا جۆرێک لە نوقسانیى ئابڕووە بۆ ئەو کەسە. بەڵام لە دەروونشیکارییدا، خەسان زنجیرەیەک دۆخە کە لە مرۆڤ نابێتەوە. مردنیش خەسانە گەورەکەیە. خۆکوشتنیش بەم پێیە، بەشداریکردنى خۆکوژەکەیە لە خەساندنى خۆیدا(چونکە ژمارەیەک هۆکارى کەلتورى و دونیاییش بەشدارن تێیدا).

نوسەر خەم و کۆژانى هەیە, کەسێکى ئاساییش هەیەتى. بۆیە ئازار پێشمەرجى خۆکوشتن نیە. مەرج نیيە شاعیر یان نوسەر بیت بۆ ئەوەى خۆت بکوژیت، بەڵکو ئەوە خۆکوژییە کە خۆى جۆرێک لە ڕامانى تیدایە. ئەوەى خۆى دەکوژێت، چەندەش سادە بێت، هێشتا بەر دۆخێک دەکەوێت کە بۆ خۆى یان ئەوانیتر جێى ڕامانە.

نوسەر بیت یان نا, بە خۆکوشتنەکەت نیگاى ئەوانیتر بۆسەر خۆت قەرزدەکەیت. نیگاى پانتایى ڕەمزى بۆ ساتێک لەسەر خۆت چڕدەکەیتەوە. ئەویش ئەو کاتەى کە خۆت نەماویت. تۆ پێشوەختە ئەم دۆخە ئەزمووندەکەیت. لێرەوەیە کە وەک بەهاى وجودى، کەسێکى ئاسایى و نوسەرێک وەکو یەکن.

هەریەکەیان ئەو شتە دەدۆڕێنن کە ناوى وجود(
existence )ـە. ‌دەشێت نوسەران دواى خۆیان ڕستەیەکى جوان، پڕ ڕەوانبێژى، نامەیەک جێبهێڵن، بەڵام نامەى کەسە ئاساییەکان لە ئانى خۆکوژییدا بریتییە لە ئاکتەکەى خۆیان. ئەوان جەستەى خۆیان وەک نامەیەک جێدەهێڵن- هەتا گەر بێتو بشزانن کەس نایخوێنێتەوە: چونکە شتێک هەیە ناوى ئەویترى گەورەیە، ناوى نیگا شاراوە کۆمەڵایەتییەکەیە و لە هەموو پنتێکەوە لێمان دەڕوانێت.  

وەلید عومەر



ڕیکلام