نوسینگەی کازمی ناوەرۆکی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک کۆمار ئاشکراکرد

  2020-09-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، دۆسییە گرنگەکانیان تاوتوی کردووە، بە تایبەت دوا پێشهاتەکانی هەڵبژاردنی داهاتوو لەعێراقدا.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا دوای سەردانەکەی بۆ شاری سلێمانی بڵاویکردەوە  "لە میانی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کازمی لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق کۆبۆوەتەوە، لەدیدارەکەدا گفتوگۆ کراوە دەربارەی بابەت و دۆسییە گرنگەکان و هەموو ئەو ڕێگرییانەی ئێستا لەئارادان، هەروەها گفتوگۆ کراوە دەربارەی ئامادەکاری و هەوڵەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی".

لە بەیاننامەکەدا نوسینگەی کازمی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دیدارەکەدا کە ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان ئامادەی بوون سەرۆک وەزیرانی عێراق وتوویەتی "عێراق لەبەردەم هەلێکی مێژوویدایە بۆ تێپەڕاندنی هەموو بەربەستەکانی ڕابردوو دەستبکات بە بنیات نانەوەی ئابوری و سیستمی ئیداریی وڵاتەکە بەشێوەیەکی باشتر و گونجاوتر، بەشێوەیەک لەبەرژەوەندی سەرجەم عێراقییەکانیان بێت هەموو چین و توێژەکانییەوە".

کازمی ڕوونیشیکردووەتەوە "چرکە ساتی ئێستا پێویستی بە بنیاتنانەوە  هەماهەنگی و دەستباری هەموو لایەکە، دەبێت لە هەڵەکانی ڕابردوو فێربین، کە ڕەوتی بنیاتنانەوەی عێراقی نوێی لێ کەوتووەتەوە، دوای ئەوەی ڕژێمی دکتاتۆری ئاوا بوو".

بەگوێرەی بەیاننامەکەی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لای خۆیەوە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی کازمی و تیمەکەی لەحکومەت کردووە، کە دەستیان بەچاکسازی کردووە و لەوبارەیەوە وتوویەتی "سیاسەتی حکومەت بەوە دەناسرێتەوە کە لەبەرژەوەندی هەموو عێراقییەکان و لەهەموو پارێزگاکان کاردەکات، کاردەکات بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و جێگرکرجنی هەیبەتی دەوڵەت و بەرز ڕاگرتنی وشەی یاسا لەسەر هەمووانەوە".

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ گەیشتە سلێمانی و لەلایەن هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و قائیمقام و بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبی و حکومی پێشوازی لێکرا.

ئامانجی سەردانەکەی کازمی گفتۆگۆکردنە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە پرسی دەروازە سنورییەکان و رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا و بۆردومانەکانی تورکیا. مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، زیاتر لە سێ مانگە دەستبەکاربووە و ئەوەش یەکەم سەردانی ناوبراوە بۆ هەرێمی کوردستان.



ڕیکلام