سەرۆكی هەرێم: كێشەكانی هەولێر و بەغدا بە تەنیا بابەتی موچە و بودجە نییە

  2020-09-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كێشەكانی هەولێر و بەغدا بە تەنیا بابەتی موچە و بودجە نییە و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان پێكەوە بەستراون.

ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ مارتن هووس، باڵیۆزی یەكێتی ئەورووپا لە عێراق كۆبوویەوە و لەبارەی چەند تەوەرێكی جیاواز گفتوگۆیان ئەنجامدا. 

بە گوێرەی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، "دواین پێشهاتەكانی گفتوگۆی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عێراق" گفتوگۆی لەبارەوە كراو نێچیرڤان بارزانی، رایگەیاند: كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا بە تەنیا بابەتی موچە و بودجە نییە و سەقامگیریی عێراق و چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا دوو بابەتی پێكەوە بەستراون.

سەرۆكی هەرێم ئەوەشی وت، یەكێتیی ئەورووپا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانن هاوكاریی عێراق بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا. 

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا "هەردوولا پشتگیریی خۆیان بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەكانی عێراق دەربڕی و دەربارەی چەند تەوەرێكی دیكەی وەك پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ" گفتوگۆكرا. 


ڕیکلام