حەلبوسی: هەفتەی داهاتوو دەنگدان دەبێت لەسەر دیاریکردنی بازنەی هەڵبژاردنەکان

  2020-09-22  | 
محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە هەموو هێزە سیاسییەکان کرد ئامادەی دانیشتنی ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگەی پەرلەمان بن، بە مەبەستی پەسەند کردنی یاسای هەڵبژاردنەکان سەبارەت بە بازنەی هەڵبژاردنەکان.

لە ڕاگەیەندراوێکدا محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە ئێستا تەواوکردنی بابەیت بازنەکانی هەڵبژاردنەکان بووە بە ئەرک، بەمەبەستی تەواوکردن و پەسەندکردنی یاسایەکی دادپەروەرانە و پەسەند لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەعێراقدا، بەشێوەیەک کە دەربڕێن بێت لە ئیرادەی گەلی عێراق.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە هەموو هێزە سیاسییەکان کرد، ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان لەئەستۆبگرن و ئامادەی دانیشتنی ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگە بن، بە مەبەستی تەواوکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان، کە لە کارنامەی دانیشتنەکەدا بە یەک بڕگە تەرخاندەکرێت بۆ تەواوکردنی بازنەی هەڵبژاردنەکان.

ئەوەش لە کاتێکدایە لەئیستادا هێزو لایەنە  عێراقییەکان ناکۆکن لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنیە پێشوەختە لە عێراق بەشێوەی یەک بازنەیی بێت یان فرە بازنەیی و تا ئێستا ئەو بابەتە بە تەواوی یەکلایی نەکراوەتەوە.

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی ٣١مانگی تەموزی ڕابردوو، ڕۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی دەستنیشانکرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق.

لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٨دا هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەچوو، ڕێژەی بەشداریکردن لە ٤٤.٥% بوو، بڕیاریش بوو لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٢ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان بەڕێوە بچێت، بەڵام دوای خۆپیشاندانەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق و ناچار بە دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق کۆتایی هات.

لە مانگی ئایاری و دوای چوار مانگ لە خۆپیشاندانەکان مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی ئیستای عێراق لە پۆستەکەی دەستبەکار بوو، بەڵێنیشیدا لە نزیکترین کاتدا هەڵبژاردنی پێشوەختە لەعێراقدا ئەنجام بدات.

 



ڕیکلام