بەرهەم ساڵح: تیرۆر و گەندەڵی لە کۆرۆنا مەترسیدارترن

  2020-09-23  | 
بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، عێراق ڕووبەڕوی مەترسی تیرۆر و گەندەڵی بووەتەوە، کە لە مەترسی کۆرۆنا خراپترە.

بەرهەم ساڵح لە وتەیەکدا کە بە ئۆن لاین لە کۆبوونەوەی گشتی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشی کرد، رایگەیاند "عێراق بەر لە سەرهەڵدانی کۆرۆنا و دوای پەتاکە ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بووەتەوە کە بریتییە لە تیرۆر و گەندەڵی".

سەرۆک کۆماری عێراق داوای لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد، هاوکاری وڵاتەکەی بن بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵکاران و پارە دزراوەکانی.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوەکرد "ئەو گەندەڵکارانە هەڵدەستن بە دزین و بردنە دەرەوەی پارە بۆ کۆمەک و پشتیوانیکردن لە گروپە توندڕە و لەیاسا دەرچووەکان"

لە درێژەی وتەکانیدا سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، پێویستە هەموو لایەک هاوکار و هەماهەنگ بیت لە دەوڵەتانی پێشکەوتوو بۆ ئاڵوگۆڕکردنی پسپۆڕی و زانیارییە پێویستەکان، بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

جەختیشیکردەوە لە بایەخی پلانی پێشوەختە بۆ دڵنیایی لە دابەشکردنی دادپەروەرانەی ڤاکسینەکە تا ئەو کاتەی بە تەواوی بەردەست دەبێت، داواشی لە دەوڵەتانی پێشکەوتوو کرد، هاوکاریی وڵاتانی تازە گەشەسەندوو بکەن بۆ روبەڕوبوونەوەی پەتاکە.

ماوەی چەند ڕۆژێکە وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وتەی خۆیان پێشکەش دەکەن لە کۆنگرەی گشتی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان  لە خولی ٧٥ هەمینی خۆی، ئەمڕۆش بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق وتەی خۆی لە کۆبوونەکە پێشکەش کرد.



ڕیکلام