سێ شیعری مایا ئەنجیڵۆ

  2020-09-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە ئنگلیزییەوە: ڤیەننا سەلام

 
 مایا ئانی جۆنسن ناسراو بە مایا ئەنجیڵۆ(١٩٢٨-٢٠١٤) شاعیر، چیرۆکنووس، گۆرانیبێژ، یادنووس و چالاکوانێکی ئەمریکی بوو.خاوەنی حەوت ژیاننامە، سێ کتێبی وتار، چەندین کتێبی شیعر و چەند شانۆنامە و بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنییە. یەکەم ژنە دەرهێنەری ڕەشپێستی هۆڵیوود بوو. چەندین خەڵاتی ئەدەبی و ئاشتی بردۆتەوە و زیاتر لە پەنجا بڕوانامەی ڕێزلێنانی وەرگرتووە. لە ساڵی ٢٠٠٠ مەدالیای هونەری نیشتیمانی لە لایەن بیڵ کلینتۆنەوە و لە ساڵی ٢٠١٤ مەدالیای سەرۆکایەتی بۆ ئازادی لە لایەن ئۆبامەوە پێ بەخشرا. یەکێک  لە شیعرە بەناوبانگەکانی، شیعری " هەر هەڵدەستمەوە" یە کە وەکو بەرخودان لە دژی کۆیلایەتی نوسیویەتی. 

سێ شیعری مایا ئەنجیڵۆ

هەر هەڵدەستمەوە

ڕەنگە بە درۆ تاڵ و بادراوەکانت
لە مێژوودا بمنوسیتەوە
دەشێت لە قوڕاوەکەدا پێم پیا بنێیت
.بەڵام هێشتا وەکو تۆز هەڵدەسمەوە

ئایا زرنگییم بێتاقەتت دەکات؟
بۆچی ئاوا تاریک داهاتویت؟
چونکە وا بە ڕێگادا دەڕۆم وەکو ئەوەی
.پەمپی بیرە نەوتم لە ژووری دانیشتندا هەبێت

هەروەکو مانگەشەو و هەتاوەکان،
بە دڵنیایی هەڵکشان و داکشانی دەریاوە،
چوون بازی بەرزی ئومێد
.هێشتا هەر هەڵدەسمەوە

دەتویست بە شکاوی بمبینیت؟
بە سەری شۆڕ و چاوی خوارەوە؟
بە شانەکانمەوە کە وەک دڵۆپی فرمێسک داکەوتبن و
بە گریانی پڕسۆزم لاواز بووبن؟

لوتبەرزیم وا دەکات هەست بە سوکایەتی بکەیت؟
زۆر بە قورسی وەری مەگرە
چونکە من وا قاقا لێدەدەم وەکو ئەوەی
.کێڵگەی زێڕم لە حەوشەی پشتەوەی ماڵەکەمدا هەبێت

دەکرێت بە ووشەکانت گولوم پێوە بنێیت
دەشێت بە چاوەکانت بمبڕیت
ڕەنگە بە ڕق بمکوژیت
.بەڵام هێشتا هەروەکو با هەڵدەستمەوە

ئایا دڵبەرییم بێتاقەتت دەکات؟
سەرت سوڕدەمێنێت کە بە جۆرێک سەما دەکەم
وەکو ئەوەی ئەڵماس لە نێوان ڕانەکانمدا بێت؟

لە دەرەوەی کۆڵێتەکانی شەرمەزاریی مێژوودا
هەڵدەستمەوە
لە ڕابردوویەکەوە کە ڕەگی لە ئازاردا چەقیوە
هەڵدەستمەوە
من زەریایەکی ڕەشم، هەڵبەز و مەزنی،
قوڵپە و شەپۆلی مەزنم لە هەڵکشان وداکشانەکانمدا هەڵگرتووە
شەوانی ترس و تۆقین لە دوای خۆمەوە جێدەهێڵم
و هەڵدەستمەوە
ئەو دیارییانە دەهێنم پێشینانم پێیان بەخشیم،
من خەون و ئومێدی کۆیلەکانم.
هەڵدەستمەوە
هەڵدەستمەوە
هەڵدەستمەوە

****
*خەتخەتێنی هارڵەم

.هەنگاوێک بۆ خوارێ، دواتر باز بدە! زۆر گەرمە
.شتگەلی باش بۆ ئەو کەسانەن کە دەستیان دەکەوێت
،بازێکی دی، ئەمجارەیان بۆ لای چەپ
.هەر کەس بۆ خۆیەتی

،ئێستا هەر دوو پێت لە هەوادا بۆ خوارێ
.مادام تۆ ڕەشپێستیت، لەم ناوە مەمێنە
،خواردن نەماوە، کرێت لەسەر ماوە
،جنێو بدە و بگری و ئینجا دوو باز بدە
،هەموو خەڵک بێ کارن
.تا سێ بژمێرە، دواتر خۆت با بدە و بلەنگێ
.هێڵەکە تێپەڕێنە، لە یاری دەردەکرێیت
.هەموی هەر ئەوەندەیە
.هەردوو پێت لەسەر زەوی، یاریەکە بە کۆتا هات
.ئەوان وای دادەنێن دۆڕاندومە. من وای دادەنێم براوەم
****

بە تەنیا

دوێنێ شەو
ڕاکشابووم و بیرم دەکردەوە
کە چۆن ماڵێک بۆ روحم بدۆزمەوە
کە تێیدا ئاو تینوو نەبێت و
پەپکەی نان بەردئاسا ڕەق نەبێت
گەیشتم بە شتێک و
باوەڕیشم وا نییە هەڵە بم
ئەویش ئەوەیە کە هیچ کەسێک
هیچ کەسێک ناتوانێت لێرە بە تەنیا لە ژیاندا بمێنێتەوە

تەنیا، هەر بە تەنیا
هیچ کەسێک
هیچ کەسێک ناتوانێت لێرە بە تەنیا لە ژیاندا بمێنێتەوە

چەندین ملیۆنێر هەن بەو پارانەوە کە ناتوانن
بەکاری بهێنن
ژنەکانیان هەروەکو خێو لە هاتوچۆدان
منداڵەکانیان گۆرانی غەمگین دەڵێنەوە
بۆ چارەسەری دڵە لە بەرد دروستکراوەکانیان
.پزیشکی گرانبەهایان هەیە
بەڵام هیچ کەسێک
.هیچ کەسێک ناتوانێت لێرە بە تەنیا لە ژیاندا بمێنێتەوە

تەنیا، هەر بە تەنیا
هیچ کەسێک
.هیچ کەسێک ناتوانێت لێرە بە تەنیا لە ژیاندا بمێنێتەوە

ئێستا گەر باش گوێم بۆ رادێری، ئەوەی دەیزانم پێتی دەڵێم
هەوری زریاناوی وا کۆدەبنەوە
با وا هەڵدەکات
ڕەگەزی مرۆڤ دەناڵێنێت و
گوێم لە دەنگی ناڵەیە
چونکە هیچ کەسێک
هیچ کەسێک ناتوانێت بە تەنیا لە ژیاندا بمێنێتەوە

تەنیا، هەر بە تەنیا
هیچ کەسێک
.هیچ کەسێک ناتوانێت لێرە بە تەنیا لە ژیاندا بمێنێتەوە
****
هاڕڵەم: گەڕەکێکی گەورەی بەشی باکوری شاری نیۆرکە. لە ساڵی ١٩٢٠ەوە بە ناوەندی سەرەکی ژیان و کلتور و بازرگانی ئەمریکیە ئەفریقییەکان دادەنرێت


ڕیکلام