وازارەتی دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی دەربڕی سەبارەت بە هێرشە موشەکییەکی دوێنێی نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی ٥ هاوڵاتی مەدەنی.
مۆرگان ئاورتاگۆس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا کە بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە، نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی دەربڕیووە سەبارەت هێرشە موشەکییەکی دوێنێی نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا و سەرەخۆشی لە کەسوکاری خێزانە کوژراوەکەش کردووە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هێرشە جارێکی تر کردەوە توندوتیژییە تۆقێنەرەکانی زیندووکردەوە، لەگەڵ ئەوەی گەلی عێراق شایەتی ژیانێکی ئاسودە و ءارمە.
داواشی لە لێپرسراوانی عێراق کردووە، کاری بە پەلە بکەن بۆ لێپرسینەو لە ئەنجامدەرانی تاوان و هێرشەکە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتریش ڕوونیانکردووەتەوە کە میلیشیا لە یاسا دەرچووەکانی کە لەلایەن ئێرانەوە کۆمەک و پشیتوانی دەکرێن، گەورەترین ڕێگرن لەبەردەم بەرقەراربوونی ئاسایش و ئارامی لە عێراقدا، چونکە مەترسییەکی قبوڵنەکراون لەسەر هەموو عێراق، لە لێپرسراو و دیپلۆماتکارەکانەوە تا دەگاتە چالاکانی عێراق و خێزانەکانیان.
دوێنێ ئێوارە لە ئەنجامی هێرشی موشەکێکی کاتیۆشا بۆسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، بەڵام بەسەر ماڵێکدا لە نزیک دیواری فڕۆکەخانەکە کەوتووەتەوە و بەهۆی سێ کەسی خێزانێک کوژران و دوای دیکەشیان بریندار بوون.
ئەمڕۆش عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆیی عێراق ئاشکرایکرد، توانیویانە بگەنە ئەنجامدەرانی هێرشە تاوانکارییەکەی ناوچەی ڕیزوانیەی بەغدا کە ٥ ئەندامی خێزانێکی تیا بوونە قوربانی.
لە لایەکی ترەوە وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق هۆشداریدا لە کشانەوە یان داخستنی هەر نوێنەرایەتییەکی وڵاتان لە بەغدا و ئەو هەنگاوەشی بە کارەسات ناوبرد.
ئەحمەد مولا تەلال، وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، داخستن یان کشانەوەی هەر نوێنەرایەتی و باڵیۆزخانەیەکی وڵاتان لە بەغدا، کاریگەریی کارەستباری دەبێت لەسەر هەموو ناوچەکە.
ماوەیەکە هێرشە موشەکییەکان بۆ سەر باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییە بیانییەکان لە ناوچەی سەوزی بەغدا و نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەردەوامی هەیە و وەک هێرشی نیمچە ڕۆژانەی لێهاتووە .