مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ساڵیادی خۆپیشاندانەکەی ساڵی ڕابردووی عێراق بەیانامەیەکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاندوە سورن لەسەر جێبەجێکردنی داخوازییەکانی خۆپیشاندەران.
کازمی دەڵێت ئەم حکومەتە لەسەر نەخشە رێگای خۆپیشاندەران دروستبووە و ئێمەش بەوەفاین بۆ ماندووبون و قوربانیاندانی خۆپیشاندەران.
مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەشکردوە لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئێمە قەیرانی دارایی و ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت رووی تێکردین و توشی کێشەی گەورەی کردین.
کازمی ڕاشیگەیاندوە ڕێز لە شەهید و بریندارەکانی خۆپێشاندانەکان دەگرین و بە یاسا قەرەبوویان دەکەینەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیانامەکەدا ڕایگەیاندوە وڵات بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێویستە سەرجەم گەلی عێراق و هێزە سیاسیەکان یەکگرتووبن لەبەرامبەر مەترسییەکان.
ئاماژەی بەوەشکردوە، دەبێت هەموان هەوڵبدەین عێراق بەرەو هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی پاک و بێگەرد ببەین بە یاسایەکی دادپەروەر.
هەروەها دەشڵێت ڕووبەڕووی هەرکەسێک دەبنەوە کە دەستێوەردان لە کاروباری عێراق بکات و یاری بە چارەنوسی گەلەکەیەوە بکات.
ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی عێراقدا تێدەپەڕێت کە داوایانکرد حکومەت دەست لەکاربکێشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت،سەرئەنجام دوای دوو مانگ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق دەستی لەکارکێشایەوە.