تەندروستی دهۆك پێشبینی دەكات ئامارەكانی كۆرۆنا بەرزببێتەوە

  2020-10-03  | 
دۆسیە:  دهۆک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی تەندروستی دهۆك رایگەیاند، پێشبینی دەكەن ئامارەكانی كۆرۆنا لە هەفتەكانی داهاتوودا بەرز ببێتەوە هۆكارەكەشی بۆ هاتنی وەرزی پایز دەگێڕێتەوە.


حەمزە رەزیكی، وتەبێژی تەندروستی دهۆك، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: تا ئێستا لە ناو نەخۆشخانەتوانیومانە كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكەین بەڵام لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە لە كۆنتڕۆڵ دەرچووە، هیوادارین وا نەبێت رۆژانە لە 30 كەس زیاتر پێویستی بە چاودێری چڕ بێت چونكە ئەو كاتە ناتوانین كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكەین. 

ئەو وتیشی: بۆ راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ پێشتر داوامانكردبوو لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا رابگەیەندرێت، بەڵام بە تەنها لە دهۆك كارێكی دروست نیە نابێت لە دهۆك رابگەیەندرێت و هاتووچۆش بۆ شارەكە بەردەوامبێت.

وتەبێژی تەندروستی دهۆك ئاشكرای كرد لە ئێستادا زیاتر لە 7 هەزار تووشبوو لە ماڵی خۆیاندا چارەسەر وەردەگرن، نزیكی 300 كەسیش لە لە نەخۆشخانەكاندا ماونەتەوە كە نزیكی 30 كەسیان لەژێر چاودێری چڕدان. 

رەزیكی پێشبینی دەكات بەهۆی هاتنی وەرزی پایز كە چەند نەخۆشیەك لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت كە بەگوێرەی پێشبینیەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە هەفتەكانی داهاتوودا ئامارەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا زیاد دەكات. 

بە گوێرەی دواین ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی تا ئێستا لە پارێزگای دهۆك12هەزار و 878 تووشبوو تۆمار كراوە كە لە نێویاندا 274 كەس گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار و 812 كەسیش چاكبوونەتەوە. 


ڕیکلام