لە دوای یەكەم گفتوگۆی نێوان ترەمپ و جۆو بایدنەوە، ئاستی لایەنگرانی كاندیدی دیموكراتەكان بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا ڕووی لە زیادبوون كردووە.
ناوەندی ئێس ئێس ئار ئێسی تایبەت توێژینەوەی كەناڵی سی ئێن ئێن ی ئەمریكی ڕاپرسییەكی سەبارەت بە ڕێژەی لایەنگرانی هەردوو كاندیدی سەرۆكایەتی ئەمریكا بڵاوكردووەتەوە، بەپێی ڕاپرسییەكە لە دوای یەكەم گفتوگۆی ڕوبەڕووی هەردوو كاندیدەكەوە، ئاستی لایەنگرانی جۆو بایدن زیاتر بووە و ژمارەی لایەنگرانی ترەمپیش ڕووی لە كەمی كردووە.
بەپێی ڕاپرسییەكە، ٪٥٧ی ئەو كەسانەی بەشدارییان لە ڕاپرسییەكەدا كردووە ئاشكرایانكردووە پشتگیری لە جۆو بایدن دەكەن و ٪٤١ پشتگیری لە ترەمپ دەكەن.
ناوەندەكە ئاشكرایكردووە، دوو هۆكار هەن كە وایانكردووە ئاستی لایەنگرانی ترەمپ داببەزێت ئەوانیش، ئەنجامدانی یەكەم گفتوگۆی ڕوبەڕووی نێوان ترەمپ و بایدن بوو كە كەناڵی سی ئێن ئێن و بەشێك لە ناوەندی لێكۆڵێنەوە سیاسییەكانی ئەمریكا بە خراپترین گفتوگۆی نێوان كاندیدی سەرۆكایەتیی ناویان هێنا، هۆكارێكی دیكەش تووشبوونی ترەمپە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.
هەر بەپێی راپرسییەكە، لە بابەتی ڕوبەروبوونەی كۆرۆنادا ٪٥٩ی بەشداربوان بایدن بە باشتر دەزانن و ٪ ٣٨ترەمپ، لە رووی چاودێری تەندروستییەوە ٪٥٩ بایدن و ٪٣٩ترەمپ، لە رووی نایەكسانی رەگەزییشەوە ٪٦٢ بایدن و ٪٣٦ ترەمپ، هەروەها ٪٥٧ی بەشداربووان بایدن بە باشتر دەزانن بۆ كاندیدكردنی ئەندامانی دادگای باڵا و ٪٤١ ترەمپ بە باشتر دەزانن، لە رووی سەلامەتی و تاوانەوە ٪٥٥ بۆچوونیان وایە بە هەڵبژاردنی بایدن سەلامەتی زیاد دەبێت و تاوان كەم بەڵام ٪ ٤٣ ترەمپ بە باشتر دەزانن لەو ڕووەووە، لە ڕووی ئابورییەوە بەهەمان شێوە بایدن لە پێشەوەیە، بەجۆرێك ٪٥٠ بەشداربووان بۆچونیان وایە بایدن لە ڕووی ئابورییەوە سەركەوتوتر دەبێت بەڵام ٪٤٨ بەشداربووانی دیكە دەڵێن ترەمپ سەركەوتوتر دەبێت.
لە راپرسییەكەدا بۆچوونی هاوڵاتیان سەبارەت بە هەستی ئەرێنییان بەرامبەر هەردوو كاندیدەكە وەرگیراوە و ٪٥٢ هەستی ئەرێنییان بەرامبەر هەڵبژاردنی بایدن هەیە و ٪٣٨ بەرامبەر ترەمپ، لە كۆتایی راپۆرتی ناوەندەكەشدا ھاتووە كە ئەم ئەنجامانە لە رۆژی دەنگدان و لەسەر سندوقی دەنگدان یەكلا دەبنەوە.