تورکیا هەڵوێستی خۆی لەسەر ڕێککەوتنەکەی شنگاڵ ڕاگەیاند

  2020-10-10  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا دەربارەی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا سەبارەت بە قەزای شنگال هاتە دەنگ و ڕایگەیاند، هیوادارە ڕێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

فاتیح یەڵدز باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "دوێنی ڕێککەوتنێک ئیمزا کراوە لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە کێشەی ئەمنی و کاروباری ئیداری قەزای شنگال".

باڵیۆزی تورکیا ڕایگەیاندووە "هیوامان وایە رێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و حکومەتی عێراق دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت بەسەر شنگالدا، بە لەناوبردنی ڕێکخراوی داعش و پەکەکە و درێژکراوەکانی، بۆ ئەوەی ئیزدییەکان و ڕۆڵەکانی ناوچەکە، کە ڕوبەڕوی چەوسانەوە و سەرکوتکردن بوونەوە لەلایەن داعش و پەکەکەوە، بە ئارامییەوە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان".

لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا یەڵدز ئاماژەی بەوەشکردووە، بەو بۆنەیەوە ئامادەی هاوکارین لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق، لەپێناو وەدیهێنانی ئارامی و دژایەتیکردنی تیرۆر لە قەزای شنگال و بەشەکانی دیکەی عێراق، کە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانیان تێدایە.

ئەو وتانەی باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا لە کاتێکدایە، دوێنی ئەحمەد مولا تەلال وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تویتێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران چاودێری ڕێککەوتنێکی مێژوویی کردووە، بۆ بەهێزکردن و چەسپاندنی دەسەلاتی حکومەتی فیدراڵی لە قەزای شنگال بە گوێرەی دەستور لەسەر هەردوو ئاستی ئیداری و ئەمنی، ئەو هەنگاوە کۆتایی دەهێنێت بە دەسەڵاتی ئەمنی گروپە بێگانە و نەناسراوەکان و سەرەتایەکیش دەبێت بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی شارەکە و گەڕانەوەی دانیشتوانەکانی بە تەواوی، ئەو هەنگاوەش بە هەماهەنگی لەگەل حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت ".

وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی کەسانی دیکە تیا شکستیان هێنا، ئەم حکومەتە تیا سەرکەوتوو، ئەویش لەڕێگەی چاندنی تۆی متمانەی هاوبەش و پێشکەشکردنی نییەت باشی و پشتبەستن بە ئیرادەیەی سیاسی بەهێز، لەپێناو گێرانەوەی ئاسایش و ئارامی و ئاوەدانی بۆ شنگال و گەرانەوەی دانیشتوانە لێقەوماوەیەکی بۆ شوێنەکانی خۆیان.



ڕیکلام