ئه‌گه‌ر هه‌بام
ڕەنگە لەودیوی بێمانایی
میتاڵه‌كان
بێمانایی سه‌مای به‌شه‌ره‌كان؛
بێمانایی ده‌یان ڕاناوی له‌كاركه‌وتوو
سه‌دان وشه‌ی كاڵ
په‌یڤێكی كزۆڵه بام،
كزۆڵه وه‌ك باڵنده‌كانی خه‌یاڵ؛
له خۆڵه‌مێشی كوانووهكان
كزۆڵه وه‌ك گه‌نده‌په‌ڕی ده‌م با
كزۆڵه وه‌ك هه‌موو ئه‌و په‌نا و پاسارانهی
كه مه‌حكومن به نه‌مان
ڕه‌نگه له‌ودیو هه‌وره‌كانی عه‌ده‌مه‌وه
دڵۆپه ده‌نگێكی بێ سه‌دا بام
ده‌نگێكی نامۆ و سه‌یر و سه‌رسام
وه‌ك ده‌نگی بوونه‌وه‌ره خوڕافییهكانی
نێو قووڵترین شوێنێكی حیكایه‌ته‌كان
یان ڕه‌نگه له نێوه‌ڕاستی بێ كۆتاترین
ڕێگه‌یه‌كی خۆڵاویی زه‌مه‌ندا،
موسافیرێكی سه‌رسام بام؛
به جانتایه‌كی شڕو
به پێی په‌تی
به شوێن دێرینترین ده‌ركه‌ی دنیادا گهڕابام
تا له‌وێوه بچمه نێو ساردترین ژوورێك
كه تێیدا ده‌نووسم؛
له‌سه‌ر مێزه بهردینهكهم
خۆم ببینمه‌وه كه ده‌ڕوانمه
هه‌زاران وشه‌ی ڕهدووكهوتوو
سه‌دان دێڕی چه‌واشه و
بارێ وێرگول و نیشانه‌ی سه‌یروسه‌مه‌ره
خۆم ببینمه‌وه له‌به‌رده‌م ته‌ڵخترین
ئاوێنه‌ی ته‌مه‌نێك له دزێوی؛
گه‌ڵا ده‌ستكرده‌كان، لك و پۆپه خه‌واڵووه‌كان،
ئاوێنه‌ی هه‌زار پارچه،
له ڕووكاری سولالهیهك له توخمی خۆم
خۆم ببینمه‌وه
له نێو سه‌دان حیكایه‌تی ئیبلیسه‌كان
سه‌رگوزشته‌ی سۆزانی و بازرگانه‌كان
ماجه‌رای هه‌ژارترین گوێچكه‌ماسی
گه‌وره‌ترین مرواری و باڵابه‌رزترین باڵنده
تا له‌وێوه بڕوانمه ساردترین ژوورێكی بوون
كه من له‌وێدا نیم؟!
ئه‌گه‌ر هه‌بام
ڕه‌نگه له‌ودیو ڕه‌نگی چاوه‌كانی تۆوه
بێڕه‌نگترین بوونه‌وه‌ر بام،
به پیرترین دره‌ختی دارستانێك چووبام
كه باڵنده‌كانی ده‌مێك ساڵه
له نێو كۆنترین كتێبی دنیادا خه‌وتوون
كتێبێك كه ڕۆحی خاك و خۆڵی عه‌رده‌كه‌ی
وه‌ك عیفرتێك
له نێو گچكه‌ترین شووشه‌ی دنیادا
ده‌ست به‌سه‌ره؟!
ئه‌گه‌ر هه‌بام
ڕه‌نگه له دوورترین دوورگه‌ی دنیادا
كه هێشتاكه نه‌چۆته نێو تانوپۆی حیكایه‌ته‌كان
په‌ناهه‌نده‌یه‌كی به‌دبه‌ختی
ساته ناشیرینه‌كانی زه‌مه‌ن بام؟!
ئه‌گه‌ر هه‌بام
به‌بێ چه‌تر به‌ژێر لێزمه‌ی باراندا ڕه‌ت ده‌بووم و
تهڕنهدهبووم
بێ باكانه به شه‌قامه‌كاندا ده‌گه‌ڕام،
بێ ترس؛
له گریانی شه‌یتانه‌كان ورد ده‌بوومه‌وه
به بێ هه‌ڵكێشانی
قووڵترین هه‌ناسه‌ی حه‌سره‌ت
به بێ هه‌ڵڕشتنی
وشكترین دڵۆپه فرمێسك
تۆم جێ ده‌هێشت!؟
ئه‌گه‌ر هه‌بام
وه‌ك هه‌موو بنیاده‌مێك
له شوێنێكی زه‌مه‌ندا ڕانه‌ده‌وه‌ستام
خه‌ونم به سه‌دان خه‌ونی
هه‌ڵوه‌ریوی پایزانه‌وه نه‌ده‌بینی
له هه‌مان ساته‌وه‌ختی لهدایکبوونما
له دایك نه‌ده‌بووم؛
هه‌مان ڕۆژی مردنیشم هه‌ڵنه‌ده‌بژارد
ئه‌گه‌ر هه‌بام
نه‌تۆم ده‌ناسی و نه ئه‌و و نه خۆم
به نێو تراژیدیای هه‌زاران ساڵی
زهخرهفهكاندا هه‌ڵنه‌ده‌گه‌ڕام،
وێنه‌ی خۆمم
له‌سه‌ر ڕوخساری ئاو نه‌ده‌كێشا
له دارتێلی شه‌قامه نه‌بووه‌كان ڕانهدهمام
نهمدهڕوانییه حوزنی په‌روانه‌كان
له ئه‌ستێره‌كان تووڕه نه‌ده‌بووم
به‌یته غه‌زه‌لییه‌كانم بۆ مانگ نه‌ده‌نارد
گالیسكه كۆنه‌كانی سۆمه‌رم
نه‌ده‌هێنایه نێو شه‌قامه‌كانی شاره‌وه
به هیرۆگلیفی حیكایه‌تی خۆمم نه‌ده‌نووسییه‌وه
بێگومان ئه‌گه‌ر هه‌بام
له نێو هیچ ساتێكی ئه‌م زه‌مه‌نه‌دا نه‌ده‌بووم
له هیچ تۆبۆگرافیایه‌كی شوێنه‌كانیدا نه‌ده‌گه‌ڕام
...........؟!
...........!؟