کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران لەزانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان کەمکرایەوە

  2020-10-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی ئێواران لەسەرجەم زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان بە ڕێژەی لە ٤٥% بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا لەگەڵ سەرجەم سەرۆکی زانکۆکان کۆبووەتەوە، لە هەنگاوی یەکەمدا ئەنجومەنى وەزارەت دواى گفتوگۆ و ڕا گۆڕینەوە  بڕیاریدا بە کەمکردنەوەى ڕێژەى (٤٥%)ى کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران لە ماوەى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ سەرجەم قۆناغەکانى خوێندن لەزانکۆ و پەیمانگە حکومیەکانى هەرێمى کوردستان هاوشێوەى ساڵى ڕابردو، بڕیارەکەش خوێندنى (دبلۆم، بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا) دەگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە،  ئامانج لەو هەنگاوی کەمکردنەوەى کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران لەبەر چاوگرتنى بارى دارایى هاوڵاتیانى کوردستان و ڕەخساندنى هەلى زیاترى خوێندن و پەرەپێدانى تواناکانى گەنجانی هەرێمە، لەهەمان کاتدا ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی سەرمایەی نیشتیمانی و بەکارهێنانی لە گەشەپێدانی زانکۆکان و کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان .

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لێژنەیەکی وەزاری پێکهێنراوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ زانکۆ تایبەتەکان تاوەکو هاوشێوەی ساڵی ڕابردو بەشداربن لە کەمکردنەوەی بارگرانی سەرشانی ئەو خێزانانەی کە ڕۆڵەکانیان لە زانکۆ تایبەتەکان دەخوێنن، لەم بارەیەوە وەزیری خوێندنی باڵا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان کرد کە ساڵی ڕابردوو بە گیانی لە خۆبردووییەوە بەشداربون لە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن .

لە تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بۆ جاری دووەم بڕیاریدا بە زیادکردنى ڕێژەیەک لە کورسى خوێندن بۆ پلانی وەرگرتنی کۆلێجەکانی کۆمەڵەی پزیشکی  لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان، ئامانج لەم بڕیارەى ئەنجومەنى وەزارەتیش ڕەخساندنى دەرفەتى زیاترە بۆ دەرچوانی سەرکەوتوی قۆناغی ئامادەیی بۆ ئەوەی بتوانن لە کۆلێژەکانی کۆمەڵەی پزیشکی درێژە بدەن، هەروەها ئەم بڕیارە کاریگەری دەبێت لەسەر کەمترین کۆنمرەی وەرگرتن لە کۆلێجەکانی کۆمەڵەی پزیشکی لەبەرژەوەندی دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی، لەهەمان کاتدا هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستی توانا مرۆییەکانی کەرتی تەندروستی هەرێمی کوردستان .

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی چەند بابەت و پرسێکى دیکەى تایبەت بە پرۆسەى خوێندنى ساڵى نوێى (٢٠٢٠-٢٠٢١) و چارەسەرکردنى کێشەو گرفتەکان و دانانى پلان و بەرنامەڕێژى بۆ پێشوازیکردن لە دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان و چەند بابەتێکى دیکەى زانستى و ئەکادیمى تاوتوێکران .



ڕیکلام