ئۆپراسیۆنەكانی سلێمانی: پێویستە حكومەت پابەندی پێدانی موچە بێت

  2020-10-13  | 
دۆسیە:  سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی سلێمانی نۆ بڕیاری نوێی راگەیاند و دەڵێت، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی دابینكردنی موچە و بودجە و شایستە داراییەكانی دامەزراوە دەوڵەتیەكان بێت.

دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكان هەڤاڵ ئەبوبەكر، سەرۆكی لیژنەكە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند لە هیچ فەرمانگاو دامەزراوەیەكی دەوڵەتیی و كەرتی تایبەت ڕێگا بە چوونە ژوورەوەی هیچ موراجیع نادرێت ئەگەر پابەندی ڕێكارە خۆپارێزیی و تەندروستیەكان نەبێت.

لیژنەکە راشیگەیاندووە كردنەوەی خوێندنگا و زانكۆكان بە مەرجی پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستیەكان بە پەسەند دەزانن و كاری پێویستی بۆ دەكەن سەرپەرشتیارانی كارگێڕی و پەروەردەیی ڕادەسپێررێن بۆ چاودێریكردنی پابەندبوونی ناوەندەكانی خوێندن بەم ڕێنمایی و ڕێكارانەوە



دەقی راگەیەندراوەكە: 

بۆ/ هەموو یەكە كارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی
بابەت/ گشتاندن


ئەمڕۆ، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، بە سەرپەرشتی پارێزگاری سلێمانی و بەئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە دیوانی پارێزگای سلێمانیدا، بۆ هەڵسەنگاندن و دانانی ڕێنمایی و ڕێكاری نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا:

١-پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی دابینكردنی موچەو بودجەو شایستە داراییەكانی دامەزراوە دەوڵەتیەكان بێت بەتایبەتی كەرتی تەندروستی و پەروەردە و هێزەكانی ناوخۆو فەرمانگا خزمەتگوزارییەكان، بۆئەوەی بتوانن خزمەت بە هاووڵاتیان پێشكەش بكەن و بەرەنگاری كۆرۆنا ببنەوە.

٢-پێویستە لەسەر هەر هاووڵاتییەك خۆی خۆی بپارێزێت و پابەندی تەواوی ڕێنمایی و ڕێكارە خۆپارێزیی و تەندروستیەكان بێت.

٣-هەموو سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان و بەرپرس و بەڕێوەبەری فەرمانگاكانی دەوڵەت و كەرتی تایبەت ڕاسپێردراون بە چاودێریكردن و بەدواداچوونی وردی پابەندبوونی تەواوی فەرمانبەرو كارمەندانی فەرمانگەو دامەزراوەكانیان بە ڕێنمایی و ڕێكارە خۆپارێزیی و تەندروستیەكانەوە.

٤-لە هیچ فەرمانگاو دامەزراوەیەكی دەوڵەتیی و كەرتی تایبەت ڕێگا بە چوونە ژوورەوەی هیچ موراجیع و هاووڵاتیی و داواكارێك نادرێت ئەگەر پابەندی ڕێنمایی و ڕێكارە خۆپارێزیی و تەندروستیەكان نەبێت.

٥-لیژنە هاوبەشەكانی یەكە كارگێڕییەكان و فەرمانگا پەیوەندیدارەكان بەدواداچوون و چاودێری ورد بۆ جێبەجێكردنی ڕێنمایی و ڕێكارە تەندروستیەكان دەكەن لە شوێنە گشتیەكانداو هەر شوێنێك پابەند نەبێت دادەخرێت و سزای دارایی دەدرێت.

٦-كردنەوەی خوێندنگاو ناوەندە زانكۆییەكان لە هۆڵەكانی خوێندندا، بە مەرجی پابەندبوون بە ڕێنمایی و ڕێكارە تەندروستیەكانەوە بە پەسەند دەزانین و سەرپەرشتیارانی كارگێڕی و پەروەردەیی ڕادەسپێررێن بۆ چاودێریكردنی پابەندبوونی ناوەندەكانی خوێندن بەم ڕێنمایی و ڕێكارانەوە.

٧-دانانی پرسەو چوونە سەرقەبران و مەولودو بۆنە ئایینیەكان بە هەموو شێوەیەك قەدەغەن و بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی بە هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر چاودێری ئەم ڕێكارە دەكات.

٨-بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی بە هەماهەنگیی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، ڕاسپێردراون بۆ دەرمانپژكردنی مزگەوتەكانی ناوبازاڕو ئەو فەرمانگاو شوێنە گشتیانەی پەتاكەی تێدا بڵاوبۆتەوە، یان مەترسیی بڵاوبوونەوەی لێدەكرێت.

٩-كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ئەركی مرۆیی و تەندروستی و نیشتمانیانەی خۆیان لە هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان بۆ ماسكبەستن ببینن و بەشداربن لە هەڵمەتی خۆپارێزییدا.

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا
١٣ / ١٠ / ٢٠٢٠


ڕیکلام