تەندروستی سلێمانی: ئەمڕۆ حەوت توشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە

  2020-10-15  | 
سلێمانی
ئەمڕۆ حەوت توشبووی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی گیانیان لەدەستداوە
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ حەوت توشبووی دیکەی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی گیانیان لەدەستداوە .

د. یاد نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماری ئەمڕۆی توشبووانی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ٢٩ نەخۆشی کۆرۆنا داخلی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا ٢١٦ توشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە خەوێندراون کە ٤٢ کەسیان لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدان.

ئەوەشی خستەڕوو، هەر ئەمڕۆ دوو توشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی ئاسا و توشبوویەک لە نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ و سێ توشبوو لە نەخۆشخانەی شەهید هێمن و توشبوویەکیش لە نەخۆشخانەی شەهید تاهیر والی بەگ لە شاری سلێمانی گیانیان لەدەستداوە.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ئاشکراشیکرد، تاوەکو ئێستا هەزار و ١١٢ چاکبووی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی، پلازمای خوێنیان بەخشیوە .

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، ٥٩ هەزار و ٢٥١ کەس لە هەرێم تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش دوو هەزار و ٨٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣٦ هەزار و٢٧٥ توشبووش بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.



ڕیکلام