هەپەگە رەتیکردەوە ئەوان غازى ساڵح بەڕێوەبەرى ئاسایشى سەرزێرییان کوشتبێت

  2020-10-20  | 
سلێمانی
غازی ساڵح ئالیخان بەڕێوەبەری پێشووی ئاسایشی دەروازەی سەرزێڕی
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هێزەکانی پاراستی گەل (هەپەگە)، رەتیکردەوە بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی سەرزێری لە پارێزگای دهۆک لەلایەن گەریلاکانیانەوە کوژرابێت.

ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هەپەگە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "غازی ساڵح عەلیخان بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی سنوری سەرزێری باشووری کوردستان لە گوندی گەلیتەی ناحیەی کانیماسی دهۆک لە ٨ی تشرینی یەکەمدا لە ئەنجامی هێرشێکدا گیانی لەدەستدا".

ڕاشیگەیاندووە، "بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی هەرێمی باشووری کوردستان و هەندێک میدیا بزووتنەوەکەمانیان تاوانبار کرد و وەک بەرپرسیاریی ئەم هێرشە تاریکە لەقەلەمدراوە، بەڵام هێزەکانمان بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیان بەم هێرشەوە نییە، بۆیەش ڕاگەیەنراو و هەواڵەکان لەمبارەیەوە دوورن لە راستیەوە".


ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی١٠ی٢٠٢٠، لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە و لە بەردەم ماڵەکەی خۆی، دەستڕێژی گوللە لە غازی ساڵح ئالیخان بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی سەرزێڕی کرا و پاش گەیاندنی بەنەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

دوای چەند ڕۆژێک لەو ڕووداوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوای لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنە دەرکەوتووە کە غازی ساڵح ئالیخان لەلایەن پەکەکەوە تیرۆر کراوە و پێشتریش بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی تیرۆرکردنیان لێکردبوو".

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڕاشیگەیاند، ئەو کردەوەیە بێ وەڵام نابێت، داواشی لە هاوڵاتیان کرد، لە ئاست ئەو کارە هەڵوێستیان هەبێت.




ڕیکلام