رۆژهەڵاتی کوردستان.. بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا داوادەکرێت سنە کەرەنتین بکەن

  2020-06-14  | 
سنە
مەیدان ئێقباڵ - سنە
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، داوادەکرێت شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەرەنتین بکەن و لە ٢٤ کاتژمێری رابردووشدا زیاتر لە ١٠٠ کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٤ی٦ی٢٠٢٠، سیما سادات لاری وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا دوو هەزار و ٤٧٢ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە وڵاتەکە تۆمارکراون و ١٠٧ کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ١٣ی نیسانی رابردووە، ئەمە بۆ یەکەم جارە کە ئاماری رۆژانەی گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا لە ئێران، ١٠٠ کەس تێدەپەڕێنێت.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران راشیگەیاند، بارودۆخی پارێزگاکانی سنە، کرماشان، ئازەربایەجانی رۆژئاوا، هۆرمۆزگان، خوزستان، سیستان و بەلوچستان و بوشەهر مەترسیدارە و ئاماری تووشبووانی کۆرۆنا لەو پارێزگایانە بەردەوامە لە هەڵکشان.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا باری تەندروستی دوو هەزار و ٧٨١ تووشبووی کۆرۆنا لە ئێران، ناجێگیرە و لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدان.

هاوکات مەهدی فەڕشادان نوێنەری سنە لە پەرلەمانی ئێران، لە نامەیەکدا داوای لە پارێزگاری سنە کردووە، بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا و پاراستی گیانی هاوشارییەکانی، سنە کەرەنتین بکەن یاخود رێکارەکانی خۆپارێزی توندبکەنەوە.

لە سەرەتای بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە ئێران، ١٨٧ هەزار و ٤٢٧ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراون و هەشت هەزار و ٨٣٧ کەسیش گیانیان لەدەستداوە و ١٤٨ هەزار و ٦٧٤ کەسیش پەتاکەیان تێپەڕاندووە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.



ڕیکلام