پسپۆڕێکی ئەمریکا: باجی ئێس 400 لەسەر تورکیا قورس دەبێت

  2020-10-23  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی ناوەندێکی توێژینەوەی دیاری ئەمریکا هۆشداری لەو هەنگاوەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، سەبارەت کڕینی موشەکی ئێس ٤٠٠ ڕوسی و دەستوەردانەکانی لە ناوچەکەدا، ڕاشیگەیاند بەو هەنگاوانە حکومەتەکەی ڕوبەڕوی مەترسی دەکاتەوە.

ڕیچارد وایتەز سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی سیاسی و سەربازی لە پەیمانگای هدسۆن لە واشنتۆن هۆشدار لەوەی حکومەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان خۆی ڕوبەڕوی مەترسی زۆر دەکاتەوە، ئەویش بەهۆی گرێبەستی کڕینی موشەکی ئێس ٤٠٠ی ڕوسی و دەستوەردانەکانی لە سوریا و لیبیا و ململانێی ناگۆرنی کارەباخ و سیاسەتەکانی دیکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ڕیچارد وایتز بە سکای نیوزی عەرەبی ڕاگەیاندووە "حکومەتی ئەردۆغان خۆی ڕوبەڕوی مەترسی زۆر دەکاتەوە، کە هەڕەشەیە بۆ گەمارۆ و سزای قورس، ئەوەش دیارە نەهامەتییەکانی ئابوری تورکیا زیاتر دەکات".

ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەردۆغان وایکردووە باجێکی قورس بدات، بە تایبەت بەهۆی بەدەستهێنانی سیستمی دژە ئاسمانی ڕوسیا، بە نزیکبوونەوەش لە چالاککردنی سیستمەکە، بە تەواوی بێبەش دەکرێت لە پرۆگرامی فڕۆکەکانی جۆری ئێف ٣٥ی ئەمریکا، کە لەئێستادا حکومەتی یۆنان خەریکە بە دەستی دەهێنێت، ئەوەش وا دەکات ئەسینا لەپێشتر بێت لەچاو ئەنکەرە، کە بەوهۆیشەوە بەشیکی زۆر لە پرۆگرامە بەرگرییەکانی لەگەڵ ناتۆ لە دەستدا".

ئەو پسپۆڕە ئەمریکییە پێی وایە زیانە ئابورییەکانی تورکیا کە لە داهاتوودا بەریدەکەوێت، زۆر قورس دەبن، بە تایبەت بەشێکی زۆر لە یاسادانەرانی هەردوو حزبی کۆماری و دیموکراتەکان، بەرەو ئەوە دەچن سزای ئابوری زۆر قورس لەدژی تورکیا دەربکەن.

وایتز پێشبینی ئەوەیشی کردووە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەمریکا هەرچییەک بێت، چاوەڕواندەکرێت پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و ئەنکەرە زیاتر بەرەو هەرەسهێنانی زیاتر بچێت، چونکە سیاسەتەکانی ئێستای ئەردۆغان زیانی بە تورکیا و گەلەکەی گەیاندووە، هەروەک چۆن زیانی بە بەرژەوەندییەکانی خۆرئاواش گەیاندووە.

باسی لەوەشکردووە، ڕێچکەی مامەڵەی هەریەکە لە ترەمپ و بایدن زۆر لە یەکەوە نزیکن، سەبارەت بە چۆنێتی هەڵسوکەوتن کرد لەگەڵ هەڵوێستەکانی ئەردۆغاندا.

لە کۆتایی وتەکانیدا ئەو پسپۆڕە ئەمریکییە سەبارەت بە داهاتووی بنکەی ئاسمانی ئەنچەرلیکی تورکیا، کە ژماریەک هێزی ئەمریکای لێ جێگیر کراوە ڕایگەیاندووە، هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن  کە پێویستی واشنتۆن بەو بنکە ئاسمانییە بەرەو لاوازی دەچێت، بۆیە هەلی کۆتایی پێکهێنانی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە تورکیا تا دێت زیاتر دەبێت.

ئەو وتانەی سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی سیاسی و سەربازی لە پەیمانگای هدسۆن لە واشنتۆن لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ ئەردۆغان ڕایگەیاند، سەرباری ناڕەزایەتییەکانی ئەمریکا، وڵاتەی سیستمی دژە ئاسمانی ئێس ٤٠٠ی ڕوسیای تاقیکردووەتەوە.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا مافی خۆیەتی پیداویستییەکانی خۆی دیاری بکات، دووپاتیشیکردەوە وڵاتەکەی سیستمەکەی تاقیکردووەتەوە و تاقیشی دەکاتەوە.

وتیشی بە هیچ شێوەیەک پابەندی هەڵویستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نابن.

هەفتەی ڕابردووش وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، ئیدانەی تەواوی هەڵویستی تورکیا دەکەن کە هەستاوە بە تاقیکردنەوەی سیستمی موشەکی دژە ئاسمانی ئێس ٤٠٠ی ڕوسی.

 



ڕیکلام