ئێسک و پرووسک

  2020-10-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دڵشاد عەبدوڵا

ئیسک جگە لەوەی هەیکەلی ڕاگرتنی لەش و پاراستنییەتی، لەهەمان کاتدا سەرچاوەی بەرهەمهێنانی خوێن و گەنجینەی پاراستنی خۆراک و میتاڵەکانە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هێشتا کەمترین بایەخی پێ دەدرێ، هێندەی لە خەمی پێستداین، چورچ و لۆچ نەبێ، هێندە پەرۆشی ئیسقانەکان نین، خزمەتیان بکەین. چونکە ئەوانن ئیستقامەی جەستەیان ڕاگرتووە. دیمەنی هەیکەلی ئێسکی لە پلاستیک دروستکراوی ژووری دکتۆرەکان لە نۆرینگەکانیاندا ترسێک دەخاتە دڵی نەخۆش، خەیاڵی بۆ دوای مەرگ ڕادەکێشێ زیاتر لەوەی بۆ ڕوونکردنەوە و ئاشنابوون بێ، وەک چۆن ئەو جۆرە هەیکەلە لەقوتابخانەدا بۆ خوێندن بەکاردێ نەک بۆ ئاشنابوون بە جەستەی خۆت. لەهەردوو دۆخدا فەلسەفەی پەرووەردە و تەندروستی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئایا مەبەستی خۆشنوودی مرۆڤ لەئارادایە؟ 

دیمەنی گفتوگۆی نێوان هاملێت و کەللەسەری باوکی بە غەدرکوژراو لە ڕۆخی چاڵێکدا کە هێمایە بۆ گۆڕێکی فانتازیایی لە تابلۆیەکی قەرەنی جەمیل- دا. دۆخێکی تری جیاواز دەنوێنێ. ئەو گرتەیە دەتگێڕێتەوە بۆ دایالۆگی ناو هەندێک تراژیدیای گریکەکان و ئەفسانەی سیزیف و بێهوودەیی کامۆ...تاد. زنجیرەیەک دایالۆگ کە کرۆکی هەموویان بریتییە لە عەزابی مرۆڤ بەدەست ژیانەوە. ئەم تابلۆیەی قەرەنی ڕێک گفتوگۆی نێوان دوو نەوەیە، یەکیان دەژی و ئەوەی تریان لە زاکیرەدا دەژی. ئەمەش نهێنی هەموو کارێکی هونەریی بەرزە، ئیشکردن لەسەر هێڵی هاوتەریبی دوو زەمەن، وەکو ئەوەی جیمس جۆیس کردوویەتی لە یۆلیسدا. 

هەیکەل و ئێسقان لەناو ئەو ئایینانەی جەستەی مردوو دەشارنەوە مانایەک دەدا و ئەوانەی دەیسووتێنن وەک هندۆس، یان لەسەر بەردێکی بڵند جێی دێڵن بۆ باڵندە و هەوا، یان مۆمیای دەکەن مانای تری هەیە، ئەگەرچی ئەنجام هەمان عەدەمە. بەگشتی ئەوانەی لاشە دەسووتێنن خۆڵەمێشەکەی بخەنە ژێرخاک، یان بەسەر ڕووی ئاوی دابکەن، هەموو ئەم تەشقانە بەناوی پیرۆزیی جەستەشەوە بێ، ناتوانن ئەو قەناعەتە دینییە بشارنەوە کە جەستە بە پیس و گڵاو دەزانێ!

ئەوانەی کار لە هەڵدانەوەی گۆڕەکان دەکەن دەستکێش لەدەست دەکەن کاتێک دەست لە ئێسک و پرووسکی ناو گۆڕێک دەدەن، کەچی ئەو کاراکتەرە تراژیدییەی ناو تابلۆکەی قەرەنی نە دەستکێشی لەدەست کردووە و نە دوودڵییەک دەبینین لەسیمای کە هێمای ترس بدا جگە لە پەیوەندییەکی دراماتیکی وەکو ئەوەی کەللەسەری مرۆڤێکی ئاسایی نەگرتبێ و دایالۆگی لەگەڵ بکا، ئەمەش لایەنێکی تری هێزە لە هونەری ئەم هونەرمەندەدا. ئێسکی کەللەسەر بەهێزترین جۆر ئێسکی لەش نییە، ئێسکی ڕان بەهێزترە، کەچی هیچ پارچە ئێسکێک مانای ئێسکی کەللەسەر نابەخشێ. ئەگەر بوونەوەرەکەی قەرەنی لەبری کەللەسەر ئێسکی بڕبڕەی پشتێکی بەدەستەوە بگرتبا چ مانایەکی ئینسانیی و تراژیدیایی نەدەدا جگە لە شێتیی، یان دڕندەیی. خۆ ئەگەر ئێسکی کلێنچک بوایە، مانایەکی سرف ئایینی دەبەخشی:

 گەڕان بەدوای زیندووبوونەوەدا. ئەو خەیاڵانە لەبارەی تابلۆکەوەیە، ئەگینا ئێسک خۆی بەشێکی گرنگە لەجەستەی هەر بوونەوەرێک. لای پزیشک و شارەزایان گەشەی منداڵ تا باڵقبوون بە گەشەی ئێسک دەپێورێ. با بێمەوە سەر دایالۆکی شراوەی ناو تابلۆکە و عەزابی کەسێک بەدەست ڕابردووەوە، یان بە دیوێکی تردا عەزابی هاوبەشی مرۆڤایەتی لە کۆنەوە، هەردووکیان گریمانەی مەنتقیین، بەو هۆیەی دیمەنی بێدەنگیی فیگەری ناو کەڤاڵەکە و ڕەنگەکانی دەوروبەری گونجاون بۆ هەلێنجانی هەردوو بیرۆکە. ئەوەی ماوە بیڵێم لەم کورتە نووسینەدا، زاڵبوونی ئێستایە وەکو هەوێنی هەموو عەزابێک. زەمەنی ئێستاش زەمەنێکی وجودیی پڕە، کۆکەرەوەی هەموو زەمەنەکانە، هەربۆیەشە ئەو هونەرەی مۆرکی ئێستای پێوە دیار نەبێ ناتوانێ لە داهاتووشدا ئەگەری ژیان مسۆگەربکا.


ڕیکلام