بردنەوەی ترەمپ کاریگەریی دەبێت لەسەر داهاتووی دیموکراتەکان

  2020-11-03  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە گوێرەی ڕاپۆرتێک سیاسەتمەدارەکانی پارتی دیموکراتی ئەمریکا، ئامادەی ئەو دۆخەی دوای بردنەوەی دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان نین، ئەگەربێتو بۆ خولێکی تر ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا.

ماڵپەڕی "بزنس ئینسایدەر"ی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سەرکردەی دیموکراتەکان دان بەو ڕاستیەدا دەنێن، کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە ساڵی ٢٠١٦دا، کاتێک ترەمپ سەرکەوتنی بەدەست هێنا لەبەرامبەر هیلاری کلینتۆن کاندیدی دیموکراتەکان، مایەی شۆک بوو بۆیان، بەشێوەیەک هەستی تورەیی و هیلاکی و گەڕان بە شوێن خوددا کە لەو کاتەدا تیا ژیاون، ڕەنگە دووبارە بێتەوە، ئەگەر هاتوو ئەمجارەش جۆ بایدن لە بەرامبەر ترەمپ بیدۆڕێنێت.

ماڵپەڕەکە لە زاری "جیمس کارفیل" کەسایەتی دیاری دیموکراتەکان کە بەرپرسی یەکەمین هەڵمەتی هەڵبژاردنی بیل کلینتۆن سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا بووە بڵاویکردەوە، "هیچ پلانێکی جێگرەوە نییە لای دیموکراتەکان ئەگەر بێتوو ئەم هەڵبژاردنە بدۆڕێنن، لەو بروایەدا نیم فراکلین ڕۆزڤێڵدیش کاتی خۆی هیچ پلانیکی هەبوبێت ئەگەر جەنگەکە بدۆراندایە".

ئەوەی کەمێک دیموکراتەکانی دڵخۆشکردووە سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆ، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئەنجومەنی نوێنەران سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨دا، ئەوەش ئاماژەیەکی بەهێزە، کەرەنگە کاریگەریی هەبێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمڕۆ ٣ی تشرینی دووەم.

جگە لەوەش بەگوێرەی ڕاپرسییەکان بایدن بە ٦ خاڵ و نیو لە پێشت ترەمپەوەیە.

لە لایەکی ترەوە نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاندووە " هەست بە متمانەیەکی گەورە دەکەم کە جۆ بایدن دەبێتە سەرۆکی داهاتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام ناشمانەوێت زیادەڕەوی بکەین لە متمانە بەخۆبووندا، یان شتی گریمانەیی، بەڵام دەبێت ئامادەی ڕۆیشتن بین لەسەر ڕێگەیەکی جیاواز".

بەڵام سەرباری ئەو متمانەیەی کە سەرکردە دیارەکانی دیموکراتەکان بەخۆیان هەیانە، ترەمپ بەردەوام ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە توانای هەیە بەربەرەکانێی ڕاپرسییەکان بکات و ئەگەری بردنەوەی هەڵبژاردنەکە مسۆگەر بکات، بە تایبەت لە هەڵبژاردنێکدا کە ململانێیەکی سەختی لەسەرە و ئەگەری ئەوە هەیە کە دادگا ئەنجامەکەی یەکلایی بکاتەوە، دیارە ئەو ئەنجامەش ئەوەیە کە ترەمپ پێشبینی دەکات، بۆیە بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیش، جەختی کردەوە لە دانانی دادوەری دادگای باڵای ئەمریکا.

ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات، دیموکراتەکان چاوەڕوانی دۆخێکی سیاسی قورس دەکەن، ئەگەر بێت و ترەمپ بۆ چوار ساڵی داهاتوو ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا و بەردەوام بێت لە رەوتە موحافیزکارییەی خۆی کە وڵاتی پێ بەڕێوە دەبات.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ماڵپەڕەکە، چاودێرانی دۆخی ئەمریکا پێشبینی تەقینەوەی دۆخی ناو حزبی دیموکرات دەکرێت، ئەگەر بێتوو کاندیدەکەیان نەتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، بۆ کردنەوەی ترەمپ لە کۆشکی سپی، چونکە کۆمەڵێک کێشەی کپ کراو لەناو پارتەکەدا سەرهەڵدەدات.

شۆن سبایسەر چالاکی حزبی کۆماری و سکرتێری ڕاگەیاندنی پێشووی کۆشکی سپی لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە "لەوبڕوایەدام حزبی دیموکرات لەناو خۆیدا دەتەقەێتەوە، ئەگەر ترەمپ سەرکەوتن بەدەست بهێنێتەوە".



ڕیکلام