یوجینیۆ باڕبا: من پێویستم بە پارەو باڵاخانەکان نییە

  2020-11-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ن: پۆڵی ئیرڤین

و: فاتیح فرومه‌ند

بەشی یەكەم

یوجینیۆ باڕبا لە وڵاتی ئیتاڵیا لە دایکبووە و لە ساڵی 1954 سەفەری نەرویجی کردووە. پاش تەواوکردنی خوێندنی شانۆ لە ووڵاتی پۆڵندا لەگەڵ "جێژی گڕۆتۆڤسکی" (Jerzy Grotowski)دا بووە، لەوێوە کولتوورە شانۆییه‌ جۆراوجۆره‌كانی دونیا سەرنجی ئەم هونەرمەندەیان بەلای خۆیاندا راکێشاوە. لە ساڵی 1963 دوای گەشتێکی شەش مانگە بۆ وڵاتی "هیند"، وتارێکی درێژی سەبارەت بە "کاتاکالی" بە ناوی "شانۆیەکی نەناسراو لە رۆژئاوا" بڵاوکردەوە. باڕبا لە ساڵی 1964 دەستەی شانۆی "ئۆدین"ی لە شاری "ئۆسڵۆ" دامەزراند کە دوواتر لە ساڵی 1966 گواسترایه‌وە بۆ شاری "هۆلستبرۆ" لە وڵاتی دانیمارک و ناوەکەی گۆڕدرا بۆ تاقیگەی شانۆی "نۆردیسک"(Nordisk).

باڕبا لە ساڵی 1979 قوتابخانەی نێودەوڵەتی مرۆڤناسی (ئه‌نترۆپۆلۆژی) شانۆی لە ژێر ناوی "ISTA" دامەزراند، ئەو تاکو ئێستا وەک ئەندامی لێژنەی گۆڤارە لێکۆلێنەرەکانی شانۆ وەک " دراما ریڤیو"(The Drama Review)  بەشدار بووە و کتێب گەلێکی زۆری بڵاو کردۆتەوە وەک ؛ "لوتکەی کاغزی" و "یست و شەش نامەی گڕۆتۆڤسکی بۆ باڕبا".

باڕبا لە زانکۆکانی "ئارهۆس"، "ئایاکۆچۆ" و "بلۆنیا" بڕوانامەی دکتۆڕای فەخری وەرگرتووە، هەروەها خەڵاتی زانستی " Mérite"ی لە زانکۆی "مۆنترێئال" لەبەرامبەر توێژینەوەکانی لە بواری شانۆدا  وەرگرتووە. خەڵاتەکانی دیکەی باڕبا بریتین لە؛ خەڵاتی ئەکادیمیای دانیمارک(1980) خەڵاتی ڕەخنەگرانی شانۆی مەکسیک(1984)، خەڵاتی نێودەوڵەتی پیراندێللۆ(1996) و خەڵاتی (Sonning) لە زانکۆی "کۆپێنهاگ" لە ساڵی 2000.

یوجینیۆ باڕبا دەڵێت: هەمیشە، کاتێک ئەفراندنێک دەستپێدەکەی، رووت و لەرزۆک و لاوازی. وەک کاتێک کە تازە لە دایک وویت و هیچ ئەزموونێک بە فریات ناكه‌وێت. هەروەها رێبازەکان و شێوازەکانیش یارمەتیت نادەن. کەسێک کە لەمەو پێش وەک دەرهێنەر یان ئەکتەر کاریکردبێت، دەزانێت کە ناتوانین ئەم رێ و شوێنانەی کە لە ناو پەرتووکەکاندا ئاماژەیان پێکراوە بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەکاربهێنین. کاتێک هەوڵ بدەین دەرهێنەرێکی لێهاتووی وەک "گڕۆتۆڤسکی" بکەین بە نمونە، لە سەرەتاوە تێدەگەین کە دەرئەنجامی کارەکەمان بە هیچ شێوەیەک لەو ناچێت، کەواته‌ خۆمان دەبێت رێگا چارەیەک بدۆزینەوە. ئەمە ساتی نزیک بوونەوەیه‌ لە حەقیقەت. تۆ تەنیای و هیچ کەس ناتوانێت یارمەتیت بدات. 

کاتێک دەچیتە ناو پڕۆڤەکردن وەک ئەمە وایە کە لە ناو کەشتییەکی بێ کاپتندا بیت، دەچیتە سەر ئەم نەخشانەی کە کەسانێک پێش تۆ رێگایان پێدۆزیوەتەوە. بەڵام دەبینی کە لێرە ستافی کەشتییەکە جۆرێکی دیکەیە.

ئەو کەسانەش کە کاریان لەگەڵ دەکەی جییاوازن، خۆم 9 ئەکتەرم هەیە و لەگەڵ هەر کامیان بە شێوەیەکی جیا مامەڵە دەکەم، رێگای جۆراوجۆر هەیە بۆ راهێنانیان. کەواتە بە پێی ئەم خاڵانەی ئاماژەمان پێکردن دەتوانین بڵێین "میتۆد" وەک زرێیەک وایە کە زیندەوەرێکی زۆر لاوازی لەناو خۆیدا شاردۆتەوە، هەر بۆیە زۆر بە دەگمەن دێت لە کاتی خوێندنەوەی ئەزموونی وەچەکانی ڕابردوو بتوانین ڕەخنە بکەینه‌ ناو ناوه‌ڕۆكیان و زاڵ بین بە سەریاندا.

کاتێک کە دەستە شانۆییەکەی خۆم پێکهێنا نەمدەزانی خەریکی چ کارێکم. هیچ ئەزموونێکم لە وانەگوتنەوەدا نەبوو، کەواته‌ لە ناو گروپەکەمان دەبووا یەکتر فێربکەین، من ئەو کاتەی لەگەڵ "گڕۆتۆڤسکی" ئیشم دەکرد، ئەو هێشتا بەناوبانگ نەبووبوو، گەڕامەوە بۆ "ئۆسڵۆ" تاکو بتوانم کارێک بۆ خۆم بدۆزمەوە، لە ڕاستیدا دەرهێنەرەکانی شانۆ بایەخێکی جددییان بە من نەدەدا، هیچ بڕوانامەیەکم نەبوو، تەنها بڕوانامەم ئەمە بوو، کە لەگەڵ دەرهێنەرێکی نامۆ کارم کردبوو،  کە گوتنی ناوەکەشی زەحمەت بوو. کەواته‌ دوو رێگام لە بەردەم بوو؛ یەکەم ئەوەی کە هەر دۆخێکی سەپێنراو قوبووڵ بکەم، دووەم یان ئەوەی کە تەواوی دۆخەکان تێکبدەم. من رێگای دووەمم هەڵبژارد و دۆخەکانی ئەمانم بە بیرکردنەوە بەرەو ڕێگایەکی نوێ تێکدا.

 من وام بیر کردەوە کە لە ئێستادا ناتوانم کاری شانۆ بکەم، بەڵام ئەگەر بێت و خۆم دەرهێنەربم کارکردن ئاسانە. زۆر باشە، یەکەم شت کە پێویستم پێی دەبێت چییە؟ کۆمەڵێک مرۆڤ...ئەکتەرەکان! من پێویستم بە پارەو باڵاخانەکان نییە. بێجگە لە ئەکتەر پێویستم بە هیچ نییە، بەڵام چ جۆرە ئەکتەرێک؟ کەسانێک بە دۆخی هاوشێوەی خۆم؛ کەسانێک کە ویستییان ئەوەیە شانۆکاربن، بەڵام ڕێگەیان پێ نادرێت. کەواته‌ چوومە خوێندنگەی شانۆی "ئۆسڵۆ" و داوای لیستی ناوی ئەم کەسانەم کرد کە لە تاقیکردنەوەی سەرەتاییدا دەرنەچوبوون. لەگەڵ ئەمان پەیوەندیم كرد و بیرۆکەی خۆم سەبارەت بە پێکهێنانی گروپێکی شانۆیی پێشڕەو خسته‌ڕوو. 


ڕیکلام