بەوێنە.. باندێکی دزیکردن لە کەرکوک دەستگیرکران

  2020-11-06  | 
کەرکوک
باندێکی دزیکردن لە کەرکوک دەستگیرکران
فۆتۆ: پۆلیسی کەرکوک
 سۆران عەبدولکەریم
پۆلیسی کەرکوک پاش ڕوبەڕوبوونەوە لەگەڵ باندێکی دزیکردن، توانی ئەندامانی باندەکە دەستگیر بکات.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان لە کەرکوک رایگەیاند، پاڵپشت بەڕێنماییەکانی وەزیری ناوخۆی عێراق، سەبارەت بە چڕکردنەوەی هەڵمەتەکان دژی باندەکانی تایبەت بەدزین و دانانی ئاستێک بۆ ئەو حاڵەتانە، شەوی ڕابردوو، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی کەکوک، پاش چەند کاتژمێرێک لە گەڕان وپشکنین، توانیان باندێکی مەترسیداری دزین لە گەڕەکی شۆراو دەستگیربکەن.

لەوبارەیەشەوە، قەیس عامر بەڕێوبەری پۆلیسی ڕوبەڕوبوونەوەی تاوان لە کەرکوک بەتۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، پاش دەستکەوتنی زانیاری لەسەر ئەو باندە لەڕێی دانانی بازگە و بۆسەوە لە باکوری شارەکە و بەدیاریکراوی لەگەڕەکی شۆراو، زانیاریمان پێگەیشت کە ئەو باندە خۆیان خزاندۆتە ئەو گەڕەکەوە و بەنیازبوون هەڵبکوتنە سەر ماڵێک.

ئاماژەی بەوەشکرد، دواتر هێزێکیان ڕەوانەی سنورەکە کردووە و لەلایەن ئەو باندەوە تەقەیان لێکراوە وڕوبەڕوبوونەوە ڕویداوە.

ئەو ئەفسەرەی پۆلیس وتیشی، "پاشان ناوچەکەمان گەمارۆدا و بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی لیوای 61  و پۆلیسی فریاکەوتن سەرەتا توانرا دووان لەو دزانە بە ئۆتومبێلێکی جۆری تۆیۆتا لاندکرۆزەر دەستگیر بکەین".

بەڕێوبەری پۆلیسی ڕوبەڕوبوونەوەی تاوان لە کەرکوک ئاشکراشیکرد، لەو ئۆتۆمبێلەدا ژمارەیەک چەک و جلوبەرگی سەربازی دەستی بەسەرداگیرا، ئەو دوو کەسەش بەپێی مادەی 443 لەیاسای سزادان ڕاگیران و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ کەیسەکەش بەردەوامە.



ڕیکلام