ئێران هیواکانی خۆی ئاشکرا کرد بەرامبەر ئیدارەی نوێی ئەمریکا

  2020-11-07  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران هیوای خواست ئیدارەی داهاتووی ئەمریکا ڕێز لە یاسا و بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بگرێت و لەوەش تێبگات کە رێگەی گەمارۆکان ڕێگایەکی راست نەبوو.

ڕۆحانی لە کۆبوونەوەی حکومەتدا ئەمرۆ ڕایگەیاند "هیوادارین ئیدارەی داهاتووی ئەمریکا لەوە تێبگات کە سزاکان بە هیچ شێوەیەک ئامانجەکانی بەدی ناهێنێت".

ڕۆحانی ڕاشیگەیاند، پێویستە ئیدارەی داهاتووی ئەمریکا پەند لەو چەند ساڵەی ڕابردوو وەربگرێت و ملکەچی یاسا و بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بێت و پابەندبێتەوە بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و بەرهەمی بەرگری و دانبەخۆداگرتنی گەلی ئێرانی لەبەر چاوبێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی حکومەتەکەیدا ڕۆحانی جەختیکردەوە، وڵاتەکەی بەشێوەیەکی زۆر بێ وێنە خۆی گرت لەبەردەم تیرۆری ئابوری ئەمریکا، دووپاتیشیکردەوە، بەردەواد دەبن لە بەرگری تا ئەو کاتەی ئەمریکا ملکەچی یاسا و بڕیارە نێودەوڵەتییەکان دەبێت.

لەلایەکی ترەوە، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیکردەوە، ئەوەی بەلای ئێرانەوە گرنگە زمانی ئەمریکا و قسەکانی نییە، بەڵکو کار و کردەوەکانییەتی.

ئەو وتانەی ئەو لێپرسراوە باڵایانەی ئێران دەرباریە ئیدارەی نوێی ئەمریکا لە کاتێکدایە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێران ڕایگەیاند، بۆ ئێران هیچ جیاوازییەکی نییە کێ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا سەردەکەوێت، ئێران بەردەوام دەبێت لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی خۆی، بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کێ دەبێتە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا.



ڕیکلام