یوجینیۆ باڕبا : خۆزگە منداڵێکی پێنج ساڵان بوومایە کە بۆ یەکەم جار بەفر دەبینێت

  2020-11-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ن: پۆڵی ئیرڤین

و: *فاتح فرومه‌ند
بەشی دووەم و كۆتایی

یەکێ لە هاوڕێکانم دەرفەتێکی بۆ رەخساندین تا بتوانین لە فەزایەکی بچووک لە خوێندنگەیەک دا پڕۆڤە بکەین. ئێمە کارەکەمان دەست پێ کرد. پاش دوو هەفتە لەم ١٥ کەسە تەنها ٤ کەس مانەوە. داوام لە هەر کامیان کرد کە ئەزموونی خۆیان لە بوواری نواندن بگێڕنەوە. یەکێ لەمان لە بالەی کلاسیک لە رۆڵی گەنجێکی بەگزادە دا سەمای کرد بوو؛ کەواته‌ وتنەوەی وانەی (بالێ)م بەو سپارد. یەکێكی تر ئەزموونێکی باشی لە ژیمناستیک هەبوو لە خوێندنگەکەی. بەویشم وت تۆ بەرپرسی وانەوتنەوەی "بایۆمیکانیک " و "ئیرتیجال" بە. هەڵبەت لەم سەردەمەدا مانای راستەقینەی ئەم ووشانەم بە باشی نەدەزانی، بەڵام لام زۆر گرنگ بوون. ئەم راستییەی کە ئێمە خوێندکار و مامۆستایەکی سەرەتایی بووین و لە دۆخ و دنیایەکی هاوتادا دەژیاین ، ئەنگێزەو مەبەستێکی ناوەکی بەخشی بە ئێمە و هاوکات ماناو حەقیقەتی کارەکەمانی روون دەکرده‌وه‌. بەڵام یەکێ لە هۆکارەکانی پێشکەوتنی خێرای گرووپەکەمان ، کۆچکردنمان بوو لە نەرویجەوە  بەرەو دانیمارک. 

لەبەرئەوەی کە زمانمان لەگەڵ بینەرانی دانیمارک یەک نەبوو، دەبووایە بۆ پێکهێنانی دڕام رێگایەکی نوێمان دۆزیبایەوە. لەمە بەدوا گرووپی ئێمە بە تەواوی جیاواز بەرەو پێش دەچوو. تەمرینەکانمان لە دوێنێ باشتر و گرینگتر ببوو. بەڵام شێوەی جووڵەی گرووپ لەگەڵ سەرەتادا جیاواز ببوو. لە ڕاستیدا  پڕۆڤە بە مانای فێربوونە. دەبێ هەوڵ بدەی خۆت لەگەڵ دەورووبەرت رێکبخەی، بۆ بەدەست هێنانی ئەمەش دەبێ تێکۆشانێکی زۆر بکەی. کەواته‌ لە سەرەتادا راهێنانەکان بە مەبەستی هاوئاهەنگکردنی تۆ لەگەڵ ئەم کولتور و بیرکردنەوەیەدا کار دەکەن و تۆ دەبێ ئامادەی لەخۆبردوویی و خۆنەویستی ببی، تا بتوانی بەهاو هەژینەکانی کە هەبوونیان هەیە وەرگریی و ئەم وەهمانەی کە رووی هەژینو بەهاکانیان له‌خۆ گرتووه‌ لابدەی.  

تۆ پاش خولێکی ٣ یا ٤ ساڵە لەگەڵ ئەم دۆخە هاوئاهەنگ دەبی و لەگەڵ بەهاکان بە شێوەی پێویست مامەڵە دەکەی. دوای ئەمە خولێکی تر دەست پێ دەکات کە لایەنێکی بە تەواوی جیاواز بەرەو پێش دەبات. پێویستە لەم قۆناخەدا شێوازەکان بێنیتە ناو کەسایەتی خۆتەوە. کێشەکەی تر ئەمە نییە کە فێربین چۆن لە فەزای ده‌وروبه‌رمان کار بکەین بەڵکوو بە پێچەوانە دەبێ فێر بیین چۆن بەخۆمان ئەم فەزا دەڤەرییە پێکبهێنین و لە سەری کاریگەر بین. نامەوێ بڵێم ئەم شێوازە جووڵەکردنەی من دژ به‌ فەزای ده‌وروبه‌ره،‌ بەڵام لە راستی دا ئەمە خۆی جۆرێک لە جووڵەو حەرەکەتە لە روویه‌كی جیاواز دا.

پاش ئەمە خولی سێهەم دەست پێ دەکات کە لەمه‌یاندا فێرکاری و راهێنان دەبێتە جۆرێک لە "زه‌مه‌نی فەزا" (Space Time) کە وەک دژە ژەهرێک بۆ فەزای ده‌وروبه‌ر زۆر گرنگە. لەم قۆناخەدا هیچ گوشارێک بۆ بەرتەسک بوونی کات نییە و ئەکتەر بە تەواوی لەم ئیشەی کە ئەنجامی دەدا سەربەستە.  کەواته‌ وەک چۆن یەکێ لە ئەکتەرەکانم بە ناوی" رۆبێرتا کارییێری"(Roberta Carreri) دەڵێت فەزای راهێنان و پڕۆڤە دەبێتە "باخچەیەکی تایبەتی" ، شوێنێک کە دەتوانی جۆرێکی تایبەت لە گوڵی رۆز پەروردە بکەی.

بینیتان کە ووشەکانی راهێنان و پڕۆڤە چ گۆڕانکارییەکیان بەسەر دا هات. ئێستا حاڵەتێکی شەخسی و تایبەتی بە خۆی گرتووە. ئەم هۆکارانە دەتوانن لە دەستەی ٢ یا ٣ دانەیی دا کۆببنەوە و کاری زۆر گرنگ ئەنجام بدەن. هەر ئەم کەرەستە سەرەکییانە پاش یەک دوو ساڵ، کۆکراوەیەک پێک دێنن. زۆرجار ئەکتەرەکانم ئەم کەرەستە سەرەکییانەم پێ نیشان دەدەن تا من بڕیار بدەم شتێکیان لێ درووست بکەم.

بۆ وێنە ئێستا لە سەر شانۆگەریەک لە ژێر ناوی "خوێ"(Salt) ئیش دەکەم کە دەرئەنجامی دووساڵ و نیو پڕۆڤەی بەردەوامی گرووپە. لە سەرەتادا ئەم ماددانەی ئەندامەکانی گرووپ بۆ منیان دەرخست زۆر سرنجی رانەکێشام.  بەڵام دوواتر شتێک روویدا و بوو بە هۆکاری گۆڕینی بڕواکەم. بیرم لە مە کردەوە کە ئێستا لە سەردەمێک دەژیم کە دەبێ خۆم تاقی بکەمەوە. ئیمکانی ئەمە هەیە کە لە حەرەکەتی شەمەندەفڕی ئەزموونەکان و راهێنانەکاندا گیر بخۆم و هەرگیز نەتوانم لەم شەمەندەفڕە دابەزم تا ئەو کاتەی ژیانم کۆتایی پێ بێت. پاش من چی بەسەر ئەم راهێنانەم دێت؟ تێگەیشتم کە دەبێ هەندێک لە ئەزموونەکانم بۆ ئەکتەرەکان بەجێ بهێڵم تا ئەگەر ویستیان بەرهەمێکی نوێ بهێننە دی بتوانن بێ من بیبەنە سەر تەختەی شانۆ.

لە سەرەتادا کێشەم زۆر بوو، نەمدەزانی دەبێ چی بکەم. دوواتر رووداوێک هاتە پێش. رۆبەرتا نووسەرێکی بەناوبانگی ئیتاڵی بە ناوی "تابۆچی"(Tabuchi) دەناسی. دەمزانی رۆبێرتا حەزی لێیە نماییشەکە بە زمانی ئیتاڵی(زمانی زگماکی خۆی) نواندن بکات. کەواته‌ پەرتووکێکی نوێم لە "تابووچی" کرد بە کۆڵەکەی شانۆگەریەکەو لە ناوەرۆكی ئەمەوە  شانۆگه‌ری"خوێ"م (Salt) بەرهەم هێنا. دەتوانم بڵێم ٩٠ لە سەدی ئەو کەرەستە سەرەتاییانەی ئەکتەرەکان بە (من)یاندا لە کاتی پڕۆڤەدا لە ناو چوو و شتی تر جێیانی گرته‌وه‌.

زۆرجار ئەم ماددە سەرەتاییانەی ئەکتەرەکان دەیانخستە روو بەردەوام نەدەبوو. ئەمانە وێنەگەلێکی کوورت بوون بە ماوەی ١٠یا١٥ یا ١ بۆ ٢ خولەک لەگەڵ هەندێک هێمای بیسراو و بیینراو. بە پێی رێکەوتنێکی سەرەتایی لە شانۆی "ئۆدین"، من هەرگیز خاڵی دەستپێکی شانۆگەرییەکە لە ئەکتەرەکان ناپرسم. بەڵکو ئەوان ماددە سەرەتاییەکان پێشنیار دەکەن و پاش ئەوه‌ هەوڵ دەدەم دەقی سەرەکی بدۆزمەوە.
ئاساییە کە ئەکتەر  لە سەرەتادا بە ئەنگێزەیەکی ناوەکی دەستپێ بکات، کە هەر ئەم چالاکییە ناوەکییە جووڵەکانیتر وەدیار دەخات. من ئەم کەرەستە سەرەتاییانە بە پێی ئەوەی کە تا چ رادەیەک پێکهاتەو قەوارەیەکی هەیە، یان تا چ رادەیەک دەتوانێ پەرەی پێ بدرێ و بەیان بکرێت هەڵیان دەسەنگێنم، پاش  ئەوە بە دوو شێواز، کاری دڕاماتۆرگی بەرەو پێش دەبەم. یەکەم دڕاماتۆرگی قەوارەیی ئەکتەرەکانە کە لە دەروونیان سەرچاوە دەگرێ و ئەویتر دڕاماتۆرگی دەقی گێڕانەوەیە. لە کۆی ئەم دووانە رەگەزی سێهەمی دڕاماتۆرگی وەدەر دەکەوێ.

لای من یەکێ لەو تایبەتمەندییانەی كه‌ ئەکتەر دەبێ هەیبێت ئەمەیە کە هاوکات لەگەڵ زیندوو راگرتنی ئەنگێزە دەروونییەکان، رێکخستنیان لەگەڵ ئەم شتانەی بۆ پێکهاتنی کارەکە دێتە ئارا زۆر گرنگە. بە کوورتی و هێمایی ئەمە ئەو کارەیە کە ئێمە ئەنجامی ئەدەین. تۆ بە تەواوی تەکنیک و زانیارییەکان لە دەست دەدەی ، بهێڵە با لاوازو لەرزۆک بی. دۆخێکی سەختە، چونکە تۆ لە ژێر کاریگەری ئەزموونەکانی خۆت دای. کاتێک تەمەن دەچێتە سەرێ مەترسییەکان زیاتر دەبێت، لەبەرئەوە نا کە جەستە لاواز دەبێت، بەڵکوو لەبەرئەوەی کە بەرەبەرە زیاتر و زیاتر دەکەوییە ژێر کاریگەری زانیارییەکانی خۆت. 

بریا منداڵێکی پێنج ساڵان بوومایە  کە بۆ یەکەم جار بەفر دەبینێت. لە وڵاتانی جۆراوجۆردا بەفرم بینیوە، لە هێلسینکی یان بەفری چڵکنی سەر شەقامەکانی لەندەن، کەواته‌ بەفر بۆ من موعجیزە نییە. وا بزانم ئەوەی دەبێتە هۆی بەردەوام بوونم لە کارکردن هەستێکی بەرپرسیارانەیە کە بەرامبەر بە هاوکارەکانم هەمە. زۆریان ئێستاش هەر لە تەمەنی داهێنان و کردە دان. تەمەنی ٤٥ بۆ ٥٠ ساڵ بۆ واز هێنان لە کار زووە. هەروەها ئێمە لە بەرامبەر کەسانێک کە بە کارەکەمان بەستراونەوە بەرپرسین. هەرچەند ئێمە بۆ زۆریینەی خەڵک نەناسراوین، بەڵام لە هەندێ شوێنی تایبەت کاریگەری و رەخنەی خۆمان هەیە.

لە شانۆ دا تۆ دەتوانی بە پێچەوانەی بیانی بوونت لە ووڵاتێک کە نەفرەتیان هەیە لە بیانیەکان، یان بە پێچەوانەی ئەوەی کە رۆژ لەگەڵ رۆژ دۆخی هونەری، سیاسی و کۆمەڵگەیی گرژتر دەبێ، دوورگەیەکی ئازادی تایبەت بە خۆت درووست بکەی. ئەمەیە پاڵنەری من لە بەردەوام بوونم لە کار دا. هەڵبەت ئێستاش لە ئەنجامی ئەم کارە چێژ دەبینم، بەتایبەت ئەو کاتەی رۆژهەڵاتنی بەرهەمێکی نوێ دەبینم. پێکهێنانی شانۆگەریەک وەک ژیان لە شەوێکی درێژی زستانی ئیسکاندیناڤی دایە، کە هەرگیز تەواو نابێت. هەرگیز هەڵاتنی رۆژ نابیینی. قەوارەی شانۆییەکە دروست ئیش ناکات و چیرۆکەکەی زۆر ئاساییە. بەڵام ئەگەر بتوانی بەردەوام بی لە پڕ دا شتێکی زۆر سەیر دەبیینی. تاریکییەک کە پەیتا پەیتا وەک  رەنگی پەمەیی خۆی دەنوێنێ. ئەوسا دەڵێی: بەڵێ، خۆر سەر هەڵدێنێ...بەهار لە ڕێیە.





ڕیکلام