ئەڵمانیا 120 ملیۆن یۆرۆ بۆ روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا لە عێراق و هەرێم تەرخاندەکات

  2020-11-09  | 
هەولێر
ئەڵمانیا 120 ملیۆن یۆرۆ بۆ روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا لە عێراق و هەرێم تەرخاندەکات
فۆتۆ: دیار حسێن
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێم رایگەیاند، وڵاتەکەی 120 ملیۆن یۆرۆی بۆ روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا لە عێراق تەرخانکردووە و بەشێکی ئەو بڕەپارەیەش بۆ هەرێمی کوردستانە.

لە میانی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی نیشتیمانی بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لەلایەن رێكخراوی تەندروستی جیهانی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی هەرێم بەڕێوەدەچێت، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ڤایرۆسی کۆرۆنا سنور ناناسێت بۆیە گرنگە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بە یەکەوە بەرەنگاری ئەو ڤایرۆسە ببینەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا ئەڵمانیا بەفەرمی رۆڵ دەگەڕێت لە روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی کوردستان و بۆ ئەو مەبەستەش ئەمساڵ ئەڵمانیا ١٢٠ ملیۆن یۆرۆی تەرخانکردووە، کە بەشێکی زۆری ئەو بڕە پارەیە وەک هاوکاری دەدرێت بە وەزارەتی تەندروستی هەرێم.

کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێم راشیگەیاند، جگە لە پاڵپشتی و هاوکاریکردن عێراق و هەرێمی کوردستان، وڵاتەکەی هاوکاری چەندین رێکخراوی دیکەی نێودەوڵەتی لە روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا دەکات.

جەختی لەوەشکردەوە، بە مەبەستی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، پێویستە هەموومان دەمامک ببەستین و مەودای کۆمەڵایەتی بپارێزین.

چەند ڕۆژ پێش ئێستا رێكخراوی تەندروستی جیهانی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرونای لە هەولێر و دهۆك راگەیاند كە پێشتر لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە دەستیپێكردبوو.



ڕیکلام