مردن بەکۆرۆنا لە ئێران 40 هەزار کەسی تێپەڕاند

  2020-11-12  | 
تاران
مردن بەکۆرۆنا لە ئێران 40 هەزار کەسی تێپەڕاند
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ١١ هەزار و ٥١٧ کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و ٤٥٧ کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

سیما سادات لاری وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەونیدا ڕایگەیاند، لە شەو و ڕۆژی رابردوودا ١١ هەزار و ٥١٧ حاڵەتی دیکەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرتاسەری ئێران تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش سێ هەزار و ١٤٩ کەسیان لە نەخۆشخانە خەوێندراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەو ماوەیەدا ٤٥٧ توشبووی دیکەی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و بەوەش کۆی گشتی مردووانی کۆرۆنا لە ئێران گەیشتووەتە ٤٠ هەزار و ١٢١ کەس.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران راشیگەیاند، لە ئێستادا باری تەندروستی پێنج هەزار و ٦١٤ توشبووی کۆرۆنا ناجێگیرە و لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدان.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئەمڕۆ، ٧٢٦ هەزار و ٥٨٥ کەس لەو وڵاتە، تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش ٤٠ هەزار و ١٢١ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٥٤١ هەزار و ٥٦٦ توشبووش بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.



ڕیکلام