هەرێم و بەغدا دەستیانکرد بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال

  2020-11-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق و جینین بلاسخارت نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستکرا بە جیبەجێکردنی ڕیککەوتنی تایبەت بە قەزای شنگال.

وەزیری ناوخۆی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی هاوبەشدا لەگەڵ ئەعرەجی ئاماژەی بەوەکرد، هەردوولا سووربوون لەسەر ئەوەی ڕێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ بکریت.

هەروەها دانانی خشتەیەکی کاتی دابنرێت بە بواری ئەمنی و سەربازی و ئاوەدانکردنەوەی شنگال دەستپێبکرێت.

هاوکات قاسم ئەعرەجی ڕایگەیاند، بۆ جەختکردنەوە لە پەیوەندی باش و بەهێزی نێوان بەغدا و هەولێر هەروەها بۆ بەهێزکردنی متمانە، بەردەوام دەبن لە کۆبوونەوە و گفتوگۆ، بۆ چارەسەرکردنی هەموو ناکۆکییەکان کە پێشتر ڕوویانداوە.

ئەعرەجی ئاماژەی بەوەشکرد، ئیرادەیەکی ڕاستگۆیانە هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکیانە، بۆ ئەوەی عێراقێکی یەکگرتووی فیدراڵی بەرجەستە ببێت و هەموو لایەک ڕێزلێگیراو بێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەنگاوی کرداری باش نراوە بۆ ئاسایی بوونەوەی ژیانی مەدەنی لە قەزاکە و گێرانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، هەروەها دانیشتوانی ناوچەکە ئیرادەیەکی ڕاستەقینەیان هەیە بۆ بەڕێوەبردین قەزاکە بەشێوەیەکی سروشتی و دوورخستنەوەی هەموو ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت یاری بکەن بە ئاسایش و ئارامی ئەم شارە و نابێت جگە لە عێراقی هیچ کەسێکی دیکەی لێ بێت.

ئەعرەجی ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ کێشەیەک نییە چارەسەری نەبێت، مادام ئیرادەیەکی ڕاستەقینە هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ، بۆیە بە بوونی کەسانی پسپۆڕ و حەکیم لە هەرێم و بەغدا دەتوانرێت کۆتایی بهێنرێت بە زۆربەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە بەرژەوەندی عێراقی خۆشەویست.

لە لایەکی ترەوە وەزیری ناوخۆیی هەرێم جەختیکردەوە، هەردوولا ڕێککەوتوون قائیمقامێکی نوێ بۆ شەنگال دابنێن و دواتر بەشێوەیەکی فەرمی ناوی ئەو کەسە رادەگەیەنرێت.

سەبارەت بەو هێزانەش کە لەئیستا لە قەزاکەن، وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەکرد، خەڵکی شنگاڵ دەبێتە خاوەنی شنگال، کەسێکی تر لە دەرەوەی شنگال ناتوانێت ئیدارەی ئەمنی و سەربازی و ئیداری قەزاکە بکات، هەردوولا کۆک بوون کە ئیدارەی ئەمنی ناوخۆیی شەنگال بدرێتە دەستی خەڵکی رەسەنی شنگال، هەر کەسێکیش لە دەرەویە شنگال هاتووە بچێتەوە ئەو شوێنەی لێی هاتووە، چونکە لە داهاتوودا شوێنی نابێتەوە لەناو قەزای شنگالدا.

سەربارەت بەو دۆسیەیەش قاسع ئەعرەجی جەختیکردەوە، کە بە دڵنیاییەوە جگە لە هێزی فەرمی فیدراڵی هیچ هێزێکی سەربازیی بوونی نابێت لە قەزای شنگالدا و دەوروبەریدا ، چونکە دۆسیەی ئەمنی دەدرێتە دەستی ئەو هیوزە عێراقیە.

 



ڕیکلام