لە سلێمانی 12 شوێن بەهۆی جێبەجێنەكردنی رێكارەكانی خۆپارێزی داخران

  2020-06-15  | 
سلێمانی
دۆسیە:  سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەهۆی پابەند نەبوون بە رێكارەكانی خۆپارێزی تەندروستی لە سلێمانی 12 شوێن دادەخرێت و قایمقامیەت رایدەگەیەنێت و سەرپێچیكاران روبەڕوی سزای یاسایی توند دەكرێنەوە.

لەشكر حەمید، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: بەهۆی پابەندنەبونیان بە مەرج و رێنماییەكانی كاركردن و رێكارەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا 12 شوێنی سەرپێچیكار لەشاری سلێمانی داخراوە. 

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان وتیشی: شوێنەكان پێشتر ئاگادار كراونەتەوە كە پابەندی رێنماییەكانی تەندروستی و رێكارەكانی خۆپارێزی بن، بەڵام بەهۆی  بەردەوام بون لەسەرپێچیكردن داخراون. 

ئەو روونیشیكردەوە ئەو شوێنانەی داخراون هەریەكە لە شوێنەكانی (گازینۆ و بلیاردی ئەستێرە، فرۆشگای قەرەداغ، پیتزای میلان، خواردەمەنی دڵی شار، فڕنی سەمونی حەجەری مەولەوی، گۆشتفرۆشی یاران، چێشتخانەی هاوبیر، سەتاشخانەی جیهاد ، فرۆشگاكانی محمەد و احمد و فڕنی نانی غوربەت) لەشاری سلێمانی دادەخرێن.

لەشكر حەمید ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی سەرجەم ئەو شوێنانە دادەخرێن و خاوەنەكانیشیان روبەڕوی رێكاری یاسایی توند دەكرێنەوە.


ڕیکلام