نزیکەی 2500 کەسی دیکە لە عێراق تووشی کۆرۆنا بوون

  2020-11-26  | 
بەغدا
نزیکەی 2500 کەسی دیکە لە عێراق تووشی کۆرۆنا بوون
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا 2483 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا تۆمارکراون و ٣٩ کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق لە دواین راگەیەندراوی خۆیدا بڵاویکردەوە، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا دوو هەزار و 483 حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە سەرتاسەری عێراق تۆمارکراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر لەو ماوەیەدا ٣٩ تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە کە نۆ کەسیان لە بەغدا، ١٣ کەس لە سلێمانی، دوو کەس لە هەولێر، دوو کەس لە دهۆک، یەک کەس لە نەجەف، یەک کەس لە کەربەلا، یەک کەس لە بەسڕە، یەک کەس لە بابل، یەک کەس لە زیقار، یەک کەس لە سەڵاحەدین، پێنج کەس لە نەینەوا، یەک کەس لە میسان و کەسێکیش لە پارێزگای موسەنا بووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، دوو هەزار و ٣٢٢ تووشبووی کۆرۆنا لە عێراق چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، لە سەرەتای سەرهەرڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، ٥٤٤ هەزار و ٦٧٠ کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش ١٢ هەزار و ١٢٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٤٧٤ هەزار و ٣٧٦ تووشبووش بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە .



ڕیکلام