تۆمارێکی ڤیدیۆیی ژیانی جێنشینی پێشووی پادشای سعودیەی خستووەتە مەترسییەوە

  2020-12-06  | 
محەمەد بن نایف وەزیری ناوخۆ و جێنشینی پێشووی سعودیە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئاشکرایکردووە، چەند پارێزەرێک کە کار محەمەد بن نایف وەزیری ناوخۆ و جێنشینی پێشووی سعودیە دەکەن، پێیان ڕاگەیاندووە، بەهۆی تۆمارێکی ڤیدیۆییەوە ژیانی لە مەترسیدایە.

ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، پارێزەرەکانی چوونەتە کۆمپانیای "یوتیوب" بە مەبەستی سڕینەوەی ئەو ڤیدیۆیەی کە گوایە بن نایف تیوەگلاوە لە هەوڵی لابردن و پەراوێزخستنی محەمەد بن سەلمان جێنشینی ئێستای سعودیە.

پارێزەرەکان لە نامەکەیاندا بۆ کۆمپانیای یوتیوب نووسیویانە، ئەو بابەتەی  کە لە تۆمارە ڤیدیۆییەکەدا هەیە پڕوپاگەندە و ناڕاستە، کە گوایە ئاماژە بەوە دەکات بن نایف ئازادکراوە و بەم دواییانەش لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی داهاتووی ئەمریکادا بینراوە.

پارێزەرانی ئاماژە بەوە دەکەن بریگرتەکەیان لە ڕاستیدا لە شارۆچکەیەکی سعودیە لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردووەوە دەستبەسەرە، تەنانەت سەردانی ئەندامانی خێزان و کەسوکارەکەیشی لەڕێوشوێنێکی ئەمنی توندوتیژیدا بەڕێوە دەچێت.

جەختیشیانکردووە، تا ئێستاش ملکەچی بۆ محەمەد بن سەلمان جێنشینی پادشای سعودیە هەیە و جێگیرە.

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم ڤیدیۆیەدا، شەپۆلێک لە تویت و کۆمینت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوسراوە و ئاماژە بەوە دەکەن، بن نایف بەشێک بووە لە پلانی "دەوڵەتی قوڵ" کە لەلایەن پارتی دیموکراتی ئەمریکاوە سەرپەرشتی کراوە، بە مەبەستی دوورخستنەوەی شا سەلمان عەبدولعەزیز پادشای سعودیە، دوای ئاشکرابوونی ئەو پلانەش ڕاستەوخۆ بن نایف کە جێنشینی پێشووی سعودیە بووە لە ساڵی ٢٠١٧دا لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.



ڕیکلام