عێراق: کۆمپانیا هەیە ئامادەیە پێشەکی پارە بدات بۆ کڕینی نەوت

  2020-12-06  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرایکرد، کۆمپانیا نەوتییەکان دەرخستەیان پێشکەشکردوون، کە پێشەکەی پارەی نەوت بدەن، بەڵام بەرژەوەندی عێراق لە زیادکردنی بڕی هەناردەکردن نییە، بەڵکو لە بەرزبوونەوەی نرخەکەیدایە.

ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق لە کۆنگرەی نەوت و غاز کە ئەمڕۆ لە بەغدا دەستیپێکردووە رایگەیاند، وڵاتەکەی پابەندە بە هەموو ڕێککەوتنەکانی ئۆپیک پڵەسەوە، چونکە لە بەرژەوەندی عێراقە، بەو پێیەی دووەم سەرچاوەی هەناردەی نەوتی ڕێکخراوی ئۆپیکە و ئابورییەکەی بەندە بە بڕی هەناردەوە، بۆیە پێویستە بەشێوەیەکی بابەتیانە و هاوسەنگ ئیدارە بدرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەرژەوەندی عێراق لەوەدا نییە بڕیاری هەناردەی زیاد بکات، بەڵکو لەوەدایە کە نرخی نەوت بەرز بێتەوە، ئەوەی ئێستاش دەبینرێت لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، شتێکی ئەرێنییە و باشە بەڵام جێگەی هەڵوێستە کردنیشە.

وەزیری نەوتی عێراق پێشبنیشی کرد نرخی نەوت لە جیهاندا لە نیوەی یەکەمی ساڵی داهاتوودا بەرز ببێتەوە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی لەم دواییەدا بەهۆی کێشەی داراییەوە ڕوویکردووەتە وەرگرتنی بارەی پێشوەختە، ئەویش بە مەبەستی دابینکردنی پارەی نەختینە و سەیرکردنی ئاستی توانای بازاڕ بۆ ئاشکراکردنی ئەو جۆرە لە فرۆشتن، لە مێژووی وەزارەتی نەوتی عێراقدا ئەوە یەکەمجارە نەوت بە وەرگرتنی پارەی پێشوەختە بفرۆشێت.

لە کۆتایی وتەکانیدا وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ئەنجامەکانی تایبەت بەو بوارە وەرگرتووە، ئەنجامەکانیش باش بووە، چونکە زیاتر لە کۆمپانیاکە پێشبڕکێیان کردووە بۆ بەدەستهێنانی ئەو کەمکردنەوەیە، خوێندنەوەی یەکەمیش بۆ ئەو بابەتە ئاماژە بەوە دەکات، نرخی فرۆشتنی پێشوەختە هەمان نرخی کاتی وەرگرتن بووە.



ڕیکلام