لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا دادپەروەرانەیە

  2020-12-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکوتی هەرێمی کوردستان کراوە، دۆسیەی نەوت و دەروازە سنورییەکانی گرتووەتەوە و دادپەروەرانەیە بۆ هەردووڵا.

ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند، ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی ئیمزا کراوە بۆ هەردوولا دادپەروەرانەیە و پابەندبوونیشی هەیە، چونکە لەلایەن هەردوو حکومەتەوە ئیمزا کراوە، ڕێککەوتنەکەش هەردوو دۆسیەی نەوت و دەروازە سنورییەکان دەگرێتەوە.

سەفار ئاماژەی بەوەشکرد، دۆسیەی نەوت سەرجەم بەرهەم و هەرنادەری نەوتی هەرێم حساب دەکرێت، پشکی کۆمپانیا نەوتییەکانی لێ دەردەکرێت، ئەوەشی دەمێنێتەوە ٢٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە، لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە حساب دەکرێت، جگە لەوەش بەگوێرەی یاسای ئیدارەدانی دارایی لە ٥٠%ی داهاتی دەروازە سنورییەکانیشی دەخرێتە سەر، لە بەرامبەر دیاریکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی لە خەرجی گشتی بە ڕێژەی لە ١٢.٦٧%.

دوێنێش  دلێر عەبدولخالق، رێکخەری ژووری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: شاندی هونەری حکومەتی هەرێم کە وەزارەتی دارایی سەرۆکایەتی دەکرد لە رووی هونەریەوە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی گەیشتونەتە رێکەوتن، ئەم هەنگاوە بۆ چەسپاندنی پێویستی بە سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت رێکەوتنەکە جێگیر بکات.

ڕۆژی ٣ی ئەم مانگە شاندێکی هەرێم بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە سەردانی بەغدایانکرد، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییە داراییەکانی نێوان بەغدا و هەرێم.



ڕیکلام