حەسەن کەعبی: حکومەتی هەرێم گوێ لە خۆپیشاندەران نەگرێت دۆخەکە خراپتر دەبێت

  2020-12-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حەسەن کەعبی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند ئەگەر حکومەتی هەرێم گوێ لە داوکاری خۆپیشاندەران نەگرێت دۆخەکە بەرەو ئاراستەیەکی خراپتر دەڕوات.

حەسەن کەعبی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە پێویستە حکومەتی هەرێم رێز لە ئازادی بیروڕا و خۆپیشاندانی ئاشتیانە بگرێت چونکە ئەوە مافی هەموو کەسێکی عێراقیە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاندوە کێشەی دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم پەیوەندی بە پەسەندکردنی یاسای قەرزەوە نیە بەڵکو ئەو کێشەیە چوار ساڵە بەردەوامە.

داواشی لە حکومەتی هەرێم کردوە دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی بەغدا بکاتەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ هەموو فایلەکان لە چوارچێوەی دەستور بەتایبەتی مەسەلەی موچە ، چونکە بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەندیان بە بژێوی خەڵک هەیە کە دەبێت دور بێت لە هەر ناکۆکییەک ، چونکە ئەوان لە پێش هەموو شتێکەوە بەشێکن لە سیستەمی ئیداری دەوڵەت .

جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد کە چەندین دەرچە هەیە کە دەتوانرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە بەکاربهێنرێت ، لەوانە بەستنەوەی فایلی دابەشکردنی مووچەی هەرێم ڕاستەوخۆ بەبەغدا.

ڕاشیگەیاندوە هەنگاوی بەستنەوەی موچەخۆرانی هەرێم بە بەغداوە  پێویستی بەهەماهەنگی زیاتر هەیە لەنێوان بەغداو هەولێر و دامەزراندنی داتابەیسێکی پتەو کەبتوانرێت پشتی پێببەسترێ.


ڕیکلام