بەشیر حەداد: ڕوداوەکانی سلێمانی پەیوەندی هەیە بە خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمەوە

  2020-12-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، خۆپیشاندانەکان مافێکی دەستورییە و ئەوەی لە سلێمانی روودەدات پەیوەندیی هەیە بە کاریگەرییەکانی خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانەوە لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە.

لە بەیاننامەیەکدا بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەکردووە، کێشە سیاسییەکان و بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و نەگەیشتن بە چارەسەری هاوبەش، سەبارەت بە شایستە داراییەکان، بووەتە هۆی کەڵەکەبوون و خراپبوونی دۆخی گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، ئەوە سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێم چەند جارێک ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و پابەدبوون بە رێککەوتنە نەوتییەکانی نێوانیان و چارەسەرکردنی کێشە و دۆسییە هەڵپەسێردراوەکان لە نێوان هەردوولادا.

 لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی فیدراڵی لەسەر زاری وتەبێژەکەی ڕایگەیاندووە، پێشەکی بڕی ئەو زیانەی کە لە هەناردەی نەوتی هەرێم دەکەوێت لەگەڵ ڕێژەی ئەو داهاتە نا نەوتییانەی هەرێم لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دەبڕدرێت، ئەوەی خەرجدەکرێت کەمترە لەوەی کە دەمێنێتەوە، بەڵام ئەوەش کە ڕەوانە ناکرێت بووەتە هۆی ئیحراجی و کورتهێنان بۆ حکومەتی هەرێم.

بەشیر حەداد ڕوونیکردووەتەوە، تێپەڕاندنی یاسای قەرز بێ ئامادەبوونی قەوارەکان، دوورە لە تەوافوقی نیشتیمانی و ڕێککەوتنەکانی پێشوو، ئەوەش بووەتە قورسایەکی دیکە لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، چونکە شایستە داراییەکان ڕاگیراوە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانرێت موچە خەرجبکرێت.

وتیشی "چەند جارێک داوامان لە حکومەتی فیدراڵی کردووە بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جوتیارانی کوردستان بۆ ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦، هەروەها موچەی هێزەکانی پێشمەرگە، سەرەڕای ئەوەی لە تەرخانکردنەکانی وەزارەتی بەرگری عێراقدا چەسپێنراوە، بەلام خەرجنەکراوە".

بەشیر حەداد روونیشیکردووەتەوە، تاکە چارەسەر دانیشتنە لەسەر مێزی گفتوگۆکان و ڕێککەوتن لە نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر پابەندبوونی بەرامبەر بە تەواوەتی و چارەسەرکردنی سەرجەم دۆسیەکانی پێشوو و ئێستاش لەچوارچێوەی دەستور، هەروەها ڕێزگرتن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان، هەر چارەسەرێک لە دەرەوەی دەستور وەک بانگهێشتی بەستنەوەی موچەی هەرێم ڕاستەوخۆ بە بەغداوە قەیرانەکان قوڵتر دەکاتەوە و خزمەت بە چارەسەرەکان ناکات.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەکردووە، هیوادارە لە داهاتوویەکی نزیکدا چارەسەری هەموو دۆسییەکان بکرێت بە ئیرادەیەکی راستەقینەوە، بە تایبەت هەڵبژاردنی داهاتوو، کە پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی هەموو لایەک هەیە بە ڕۆحێکی برایانە و نیشتیمانی.



ڕیکلام