ئێران.. ژمارەیەك لە ئەنجامدەرانی كوشتنی فەخریزادە دەستگیركراون

  2020-12-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئێران رایگەیاند ژمارەیەك خەڵكیان دەستگیر كردووە كە دەستیان هەبووە لە كوشتنی زانا ئەتۆمیەكە، سوریشن لەسەر وەڵامدانەوەی ئەو لایەنەی هێرشەكەی ئەنجامداوە.

ئەمیر عەبدولڵاهیان، راوێژكاری سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، لەبارەی كوشتنی موحسین فەخریزادە، زانای ئەتۆمی وڵاتەكەی لە كردەیەكدا كە تا ئێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی خۆی لێ رانەگەیاندووە، بەڵێنیدا وڵاتەکەی بەمنزیكانە وەڵامی ئەنجامدەرانی بدەنەوە. 

ناوبراو وتیشی: ئەنجامدەرانی تاوانەكە لە دادگا دەرباز نابن، دەزگاكانی ئاسایش هەندێك لەوانەی دۆزیوەتەوە و دەستگیریكردوون، ئەوانەمان ناسیوەتەوە كە فەرمانی كوشتنەكەیان دەركردووە. 

ئەو هەڕەشەی كرد بەم نزیكانە وەڵامی پێویست و گونجاو دەدەنەوە بە ئەنجامدەرانی هێرشەكە، بەڵام هیچ زانیاریەكی روونی نەدا لەبارەی ئەنجامدەرانی هێرشەكەوە.
 
رۆژی 27ی مانگی رابردوو(تشرینی دووەم)، لە نزیك ناوچەی دەماوەند لە شاری تاران، موحسین  فەخریزادە لە نێو ئۆتۆمبێلەكەیدا درایە بەر دەسڕێژی گوللە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەستدا تا ئێستا ئێران دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) و رێكخراوی موجاهیدینی خەلق تۆمەتبار دەكات و هەردوو لایەنەكەش رەتیدەكەنەوە.


ڕیکلام