ئێران: تۆڵەی توند چاوەڕێی بکەری تیرۆرکردنی موحسین فەخریزادە دەکات

  2020-11-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەرپرسانی ئێران کاردانەوەی توندیان لەبەرامبەر تیرۆرکردنی موحسین فەخریزادە زانای گەورەی ئەتۆمی ئێران نیشاندا و هەڕەشەی تۆڵەی توند دەکەن.

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ئیسرائیلی بە کوشتنەکەی تۆمەتبارکرد و ڕایگەیاند ئاماژەی زۆر هەیە کە ئیسرائیل ئەو کارەی کردوە.

هەروەها محەمەد باقری سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئێران ڕایگەیاند دەبێت گروپە تیرۆریستییەکان و بکەری ئەم کردەوە کوێرانەیە بزانن کە تۆڵەی توند چاوەڕوانیان دەکات.

وتیشی دڵنیاتان دەکەم کە دەست لەبەدواداچوون و سزادانی بکەرانی تیرۆرکردنی موحسین فەخریزادە هەڵناگرین.

لەلای خۆشیەوە محەمەد قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند تۆڵەی ئەم تاوانە بەڕێوەیە.

هاوکات عەمید حسێن دەهقان ڕاوێژکاری بەرگری عەلی خامەنەی ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند ئەو کەسانەی ئەو کارەیان کردوە پەشیمان دەبنەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ موحسین فەخریزادە سەرۆکی ڕێکخراوی توێژینەوەو داهێنانی وەزارەتی بەرگری و هێزە چەکدارەکانی ئێران و  یەکێک لەبەڕێوەبەرە پلە بەرزەکانی ئەو وڵاتە لەپیشەسازیی بەرگرییدا کە بەباوکی چەکی ئەتۆمی ئێران دادەنرێت لە نزیک تارانی پایتەخت کوژرا.


ڕیکلام