ترەمپ: ئیسرائیل و مەغریب لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان رێککەوتن

  2020-12-10  | 
جیهانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاشکرایکرد، هەر دوو وڵاتی ئیسرائیل و مەغریب رێککەوتوون پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە، لەو چوارچێوەیەشدا واشنتن دان بە سەروەریی مەغریب بەسەر بیابانی رۆژئاوادا دەنێت.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە چەند تویتێکدا بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ سەرکەوتنێکی مێژوویی دیکە بەدەستهات..دوو وڵاتی دۆست و مەزنی ئێمە، ئیسرائیل و مەغریب رێککەوتن پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان ئاسایی بکەنەوە، ئەوەش دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".

ئاماژەی بەوەشکرد، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا، ئەمریکا  دان بە سەروەریی مەغریب بەسەر بیابانی ڕۆژئاوادا دەنێت.

بیابانی رۆژئاوا هەرێمێکی جێناکۆکە لە رۆژئاوای کیشوەری ئەفریقا لەنێوان مەغریب و وڵاتی خۆدانپێدانراوی کۆماری عەرەبیی سەحراوی دیموکرات، %80ـی هەرێمەکە لەلایەن وڵاتی مەغریبەوە کۆنترۆڵکراوە و تەنیا 20%ـی لەژێر دەستی کۆماری عەرەبیی سەحراویی دیموکراتدایە.

لە سەرەتای هاوینی ئەمساڵەوە، مەغریب چوارەمین وڵاتە دوای ئیمارات و بەحرەین و سودان، کە بە نێوەندگیری ئەمریکا، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکەنەوە.