دوای پێکهێنانی فەوجە کوردییەکەی حەشد کاکەییەکانیش داوایان کردووە

  2020-12-12  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
میدیا عێراقییەکان لەزاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویانکردەوە، هیچ هەماهەنگییەک نەبووە بۆ پێکهێنانی فەوجی حەشدی شەعبی کوردی لە پارێزگای کەرکوک، هاوکات کاکەییەکانیش داوایان کردووە فەوجێکی تایبەتیان بە ناوی حەشدی کاکەیی بۆ بکرێتەوە.

ئەبو عیماد ئۆغڵۆ فەرماندەی حەشدی شەعبی لە کەرکوک ڕایگەیاند، دروستکردنی حەشدی شەعبی کوردی، وەک پێکهاتەکانی دیکە دواکەوت، بەڵکو دەبوایە پێشتر دروست بکرایە، بەڵام ئێستا کاری لەسەر دەکەن و لە چەند ڕۆژی داهاتودا دابەشدەکرێت لەپاڵ هێزەکانی دیکەدا.

ئەبو عیماد ئۆغلۆ ڕوونیکردەوە، ئەم فەوجە بۆ برا کوردەکان پێکهێنراوە، بەم نزیکانەش بە درێژی سنور لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی دیکە دابەش دەکرێت بۆ پارێزگاریکردن لە ئاسایشی ناوچەکە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوە ئاگادارانە فەوجەکە پێکهاتووە لە ١٥٠ گەنجی کورد و ئەرکی پاراستنی ناوچە کوردییەکانی پارێزگای کەرکوکی لە ئەستۆدا دەبێت.

بە گوتەی ئەو سەرچاوانە پێکهێنانی ئەو فەوجەی حەشدی شەعبی تەنها ڕاگەیاندنە، بابەتەکە پێویستی بە هەماهەنگی هەیە لەگەڵ دەستەی حەشدی شەعبی و پاشان ڕەزامەندی مستەفا کازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، هەروەها دابینکردنی پلەی وەزیفی و موچە بۆیان.

ئەو سەرچاوانەی کە زانیارییەکانیان داوە بە میدیا عێراقییەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، حکومەت پلانی هەیە حەشد عێراقی بێت، نەک بە ناوی پێکهاتەکانەوە، وەک حەشدی کوردی و حەشدی شەبەکی و ئەوانی تر، ئاشکراشیانکردووە، هەموو پێکهاتەکان خواستی ئەوەیان هەیە فەوجی حەشدیان هەبێت.

لە لایەکی ترەوە ماڵپەڕی مەوازین نیوز لە زاری هیدایەت تاهیر لێپرسراوی ڕێکخستنەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کەرکوک بڵاویکردەوە، هیچ پەیوەندییە نێوان حزبەکەی و ئەو فەوجانەدا نییە کە بەناوی حەشدی شەعبییەوە لە کەرکوک.

هیدایەت تاهیر ئاشکرایکرد، یەکێتی نشتیمانی کوردستان بە هیچ شێوەیەک پشتیوانی پێکهێنانی ئەو هێزە ناکات کە لە گوندێکی قەزای دبی پێکهێنراوە، ئەویش بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنی و بەردەوامبوونی هێرشەکانی چەکدارانی داعش.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بابەتە هەستیارە و لێکۆڵینەوەی لێ دەکەن، ئەوان پێکهێنانی هێزی نافەرمی ڕەتدەکەنەوە، چونکە لە خزمەتی دۆخەکەدا نییە و لە بڕوایەشدان لایەنی سیاسی لە پێشت ئەو بابەتەوەیە.

 



ڕیکلام