ڤیان سەبری: شاندی هەرێم لە بەغدا دەسەڵاتی ڕێککەوتنی ڕیشەیی هەیە

  2020-12-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، شاندی باڵای هەرێم لە بەغدا دەسەڵاتی ڕێککەوتنی ڕیشەیی هەیە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا.

لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراق ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم پابەندە بە رادەستکردنی داهاتە نەوتی و نا نەوتییەکان، بەگوێرەی ئەو ئالیەتەی کە ڕێککەوتنی لەسەر دەکرێت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا.

داواشی لە حکومەتی فیدراڵی کرد، ٣٢٠ ملیار دینارەکە ڕەوانەی هەرێم بکات، بەر لەوەی یاسای کۆمەکی کورتهێنانی دارایی کۆتایی بێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی شاندی وتوێژکاری نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵیان کرد.

نوسینگەی کازمی لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەکەدا گفتوگۆ کراوە سەبارەت بە پابەندبوون بە جێبەجێکردنی یاسای کورتهێنانی داراییەوە، کە لە مانگی ڕابردوودا پەرلەمان پەسەندی کرد، بەشێوەیەک کە لە کاتی جێبەجێکردنیدا رەچاوی دادپەوەریی بکرێت لە دابەشکردنی شایستە داراییەکان بەسەر هەموو ناوچەکانی عێراقدا.

 



ڕیکلام