غەمگینییەکانی کۆمیدیا

  2020-12-15  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
داستان بەرزان

ئەوەی کۆمیدیا دەیڵێت، ھەمان ئەوەیە کە تراژیدیا دەیڵێت، بۆیە جیاوازییەکانی ئەم دوو جۆرە تەنیا لە شێوازدایە و وەکو گوتار ھیچیان لە ھیچیان کەمتر یاخود زیاتر نین، کۆمیدیا لە توانایدا ھەیە گۆتاری زۆر گەورە بەیان بکات، بە مەرجێک کە کۆنتێستێکی ھونەری باڵادا بێت، نەک ئەو جۆرە لە مەھزەلە کە لەلای ھەندێک باوە و بە ناوی کۆمیدیاوە دەکرێت.

ناکرێت باس لە مێژووی ئەدەب و ھونەر بکەین بەبێ باسکردنی کۆمیدیاکاران و نووسەرانی ئەو بوارە، ئەوەتا نووسەرێکی وەک (ئەرستۆفانیس) لە قۆناغی خۆیدا لە ڕێگەی کۆمیدیاکانییەوە دەستی بۆ بابەتی زۆر ھەستیار بردووە، کە بۆ ئەو دەم مەترسیداربوون، چونکە بابەتی خواوەندەکانی یۆنان بوون و ئەوانیش بۆ خەڵکی ئەو کاتە ھێڵی سوربوون و کەس بۆی نەبووە بیان بەزێنێت، بەتایبەت شانۆنامەی (بۆقەکان) کە شانۆییەکی کۆمیدیی ڕەخنەئامێزە، لە ھەمان کاتدا ئەم شانۆییە بە مێژووی ھەرھەڵدانی ڕەخنەی شانۆیی دەستنیشان دەکرێت لە یۆنانی کۆندا.

ئەوەی (چارلی چاپلن) لە ڕێگەی کۆمیدیایەوە دەربارەی ھەژاری و نەھامەتییەکانی مرۆڤ دەیڵێت لە ئاستێکی بەرزی ھونەریدایە، بۆیە کاتێک دەیبینین لە یەک کاتدا ھەم شاد ھەمیش غەمگینمان دەکات، جگە لەوەش ناوەڕۆکێکی بەھێزی ھەیە و بە ھۆشیارییەوە دەست بۆ کێشە مرۆییەکان دەبات، ھەر بۆ وێنە لە یەکێک لە کارە سەرنج ڕاکێشەکانیدا ساتەوەختی خواردنی پێڵاوەکانی لە ئەنجامی برسێتیدا لە یەک کاتدا پێکەنینێکی گەورە و ڕاچڵەکینێکی گەورەش دروست دەکات، (ئایا ھەژاری مرۆڤ تا ئەو ئاستە دەبات؟)کە بێگومان بەڵێ، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ھەندێک لە قۆناغەکانی مێژوو ئەوا دەبینین مرۆڤ لە ئەنجامی گرانی و ھەژاریدا بۆ ئەوەی بژی و بەردەوام بێت زۆر شتی نامۆ و سەیری کردووە. 

ئەوەی (مۆلێر) لە شانۆنامەکانیدا لە ڕێگەی کۆمیدیاوە گوتوویەتی ھیچی لە تراژیدیاکانی شێکسپیر کەمتر نییە، نیشتە لە بارەی مۆلێرەوە دەڵێت: مۆلێر شێکسپیری سەردەمەکەی خۆیەتی. تەناتە مۆلێر لە کۆتاییەکانی ژیانیدا خۆیشی دان بەو ڕاستییەدا دەنێت کە سەرجەمی ژیان تراژیدییە، بۆیە کۆمیدیا ھیچ نییە جگە لە تراژیدیا، ئەوەشی لە کۆمیدیاکانی ئەم نوسەردا سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە ئەو گوتارانەی ئەو لە ڕێگەی کۆمیدیاوە دەیخاتە ڕوو، گوتاری گەردوونین و توانای بڕینی سەردەمەکانیان ھەیە و سەر بە تەنیا نەتەوەیەک نین، بەڵکو سەر بە جیھانن، سەر بە مرۆڤن لە ھەر جێگەیەکی گۆی زەویدا بێت.
(مستەر بین) لە یەکێک لە فیلمەکانیدا لە ناو ئۆتۆمۆبێلەکەیدا و بە دەم شۆفێریکردنەوە ددانی دەشوان و خۆی دەگۆڕێت، ئەو لەوەێوە دەیەوێت ژیانی مرۆڤی مۆدێرن بخاتەڕوو کە چۆن کاتی بۆ خۆی نامێنێت و بە کارە ڕۆتینییەکانی ڕۆژانەیدا ڕاناگات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دیمەنە پێکەنین دروست دەکات، پێکەنینێک بە خودی خۆمان کە لە مۆدێرنەدا چیمان لێبەسەردێت، چۆن دەبینە گاڵتەچار، چۆن دەبینە ئامێرێکی ھەمیشەیی بە دەست سیستمە ترسناکەکەی سەرمایەدارییەوە، کە ئەگەر مرۆڤ پێڕانەگات ڕۆبۆتەکان نزیکە ئیشەکانی ئەو بگرنە ئەستۆ، ئیدی لەوێد مرۆڤ کارێکی ئەوتۆی نامێنێت، کەواتە ئەم دیمەنە لە یەک کاتداپێکەنین دروست دەکات، ھاوکات  دڵتەزێنیشە.
(جیم کاری) لە فیلمی (پەنگوینەکان)دا ماڵەکەی دەکاتە کەشێکی نامۆ، کە پەنگوینی تێدا بەخێو دەکات، ھەمان ئەو دۆخە سارد و بەفراوییە دروست دەکات کە بۆ ژیانی پەنگوین پێویستە، بە مانای لە دەستدانی سروشت و نەمانی کەشی شیاو بۆ ژیانی ئاژەڵەکان, لە جێگەیەکی دیکەی ھەمان فیلمدا بەدەم ھاتوچۆوە بە ناو ماڵەکەیدا تەلەفۆن دەکات، لە ئەنجامدا وەڕس دەبێت، ئامێرێکی (ھاڕینی میوە) لەسەر مێزەکەی بەر دەمیەتی، لە تاودا مۆبایلەکەی دەخاتە ناو ئامێرەکەوە و دەیھاڕێت، ھاڕینی ئەو مۆبایلە مانای ھاڕینی تەکنەلۆژیایە، کە چۆن مرۆڤی پەیوەستکردووە بە خۆیەوە و ڕۆژانە ڕۆحی دەھاڕێت و لەگەڵ داھێنانی زیاتری ئامێرەکان، مرۆڤ ئەرکەکانی زیاتر دەبێت، زیاتر دەبێتە بەشێک لە تەکنەلۆژیا.

نوسەرێکی گرنگی وەک (سامۆیل بێکێت)یش کە زۆر جار بە نوسەری تراژیا ناو دەبرێت، کۆمیدیا فەرامۆش ناکات و لە زۆرینەی شانۆنامەکانیدا دەست بۆ تەکنیکەکانی ھونەری کۆمیدیا دەبات، ئەمەش بە ڕوونی لە شانۆنامە بەناوبەنگەکەیدا(بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆ)وە لە زۆر جێگەدا ئامادەیی ھەیە، بەڵام کۆمیدیایەکی گاڵتەجار، گاڵتەجارێک کە گوزاشتە لە بێ مانایی ژیان، خولانەوە بە دەوری ئەو بازنە نائومێدییەدا کە بێکێت مەبەستێتی لە میانی شانۆنامەکانیدا بیانخاتە ڕوو.
ھەموو ئەمانەی باسمان کردن نمونەی گەورەی کۆمیدیان لە جیھاندا، بۆیە بەبێ بەرچاوڕوونی و تێگەیشتن لە ڕەھەندە قوڵەکانی کۆمیدیا، کارێکی زەحمەتە بتوانین مامەڵە لەگەڵ ئەم ھونەرەدا بکەین، چونکە کۆمیدیا ئەوە نییە کە ھەندێک دەیکەن و پێیان وایە ھۆکارێکە بۆ کات بەسەربردن، بەڵکو کۆمیدیا کارکردنە لە قوڵایی تراژیدیاکانی مرۆڤدا، کۆمیدیا ھەڵکۆڵینی پەنھانییەکانی مرۆڤە، نەک ختوکەدان و دروستکردنی پێکەنینی بێ ئامانج، مرۆڤ ئەو ساتەی لە بەردەم کۆمیدیایەکدا پێدەکەنێت لە ھەمانکاتدا دەبێت تاڵییەک دەروونی بگرێت و برینێک لە ناوەوەیدا بکولێتەوە، ھەر بۆیە جاری وەھا ھەیە کۆمیدیا کاریگەرتر لە تراژیدیا دڵتەنگمان دەکات.


ڕیکلام