وەزیری بەرگری تورکیا: سزاکانی ئەمریکا بنەماکانی هاوپەیمانی لەرزاند

  2020-12-15  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، ئەو سزایانەی کە ئەمریکا بەسەر وڵاتەکەیدا سەپاندوویەتی، هەموو بنەماکانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەرزاند.

وەزیری بەرگری تورکیا وتی "ئیدانەی ئەو بڕیارە دەکەین، چونکە ناگونجێت لەگەڵ ڕۆحی هاوپەیمانی و ڕاستییە سەربازیی و سیاسییەکان، بڕیاری سزاکانی ئەمریکا هەموو بەهاکانی هاوپەیمانێتی نێوان ئێمە ئەوانی لەرزاند، هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرینە بەر لە پێناو ئاسایش هاوڵاتیانمان و وڵاتەکەمان، لە بەرامبەر هەر مەترسی و هەڕەشەیەکی ئاسمانی و موشەکی مەترسیدار".

وەزیری بەرگری تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاشکرایە سەپاندنی سزا بەسەر دەوڵەتێکی ئەندام لە ناتۆدا، تەنها زیان بە ڕۆحی هاوپەیمانێتییەکە ناگەیەنێت، بەڵکو متمانەش لە نێوان هاوپەیمانەکاندا کەمدەکاتەوە.

لە کۆتایی وتەکانیدا وەزیری بەرگری تورکیا جەختیکردەوە، وڵاتەکەی بەوپەڕی سوربوونەوە بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ پاراستنی ئاسایش و پارێزگاریکردن لە وڵات و گەلی خۆی.

ئەو وتانەی وەزیری بەرگری تورکیا لە کاتێکدایە، ماڵپەڕی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنتۆن سزای سەپاندووە بەسەر سێ کەسی پەیوەندیدار بە ئیدارەدانی پیشەسازییە بەرگرییەکانی تورکیادا.

ئەمریكا بەهۆی سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێس-400 ی ڕووسی بڕیاریدا سزا بەسەر توركیادا بسەپێنێت و مافی وەرگرتنی ڤیزای ئەمریکای لە چەند كەسایەتیەكی وڵاتەكە قەدەغە كرد .

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سزاكانی دژی توركیا راگەیاند، كە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا واژۆی كردووە، ڕایگەیاند، ئەمریكا چەندین جار بە توركیای وتووە، كێشەكانی بەكارهێنانی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی دروستكراوی ڕووسیا رابگرێت و بە هاوكاری ئەمریكا چارەسەری گونجاو بدۆزێتەوە، بەڵام ئەنقەرە ئێستا ئێس-400ی كڕیوە و تاقیكردەوە، بۆیە بڕیاردرا توركیا لە بەرنامەی فرۆشتنی فرۆكەی ئێف 35 دووربخرێتەوە .



ڕیکلام