محەمەد عومەر عوسمان (ژەنڕاڵی پایز) وەک شێوەکار

  2020-12-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
زۆرینەمان (محەمەد عومەر عوسمان) مان تەنیا وەک شاعیر ناسیوە، ئەوانەی شیعری ئەم شاعیرەشیان بۆ یەکجار خوێندبێتەوە ئیتر بۆ ھەمیشە لەگەڵ ناوی وەرزی پایزدا ئەویان بە بیردا دێت، چونکە ڕووبەرێکی زۆر لە شیعری ئەودا تایبەتە بەو وەرزە و لە چەندین گۆشەنگاوە شیعر ئەم شاعیرە خەریگە گوزاشت لە پایز دەکات، بەجۆرێک کەشی تەواوی دیوانەکەی (لە غوربەتا) ڕەنگی زەرد و گیانێکی پایزی باڵی بەسەردا کێشاوە.

ئەوەی لێرەدا ئێمە دەمانەوێت سەرنجی خوێنەرانی بەشی کولتووری (تۆڕی ھەواڵی ژیان)ی بەلادا ڕابکێشین ئەوەیە کە ئەم شاعیرە بەرلەوەی شیعر بنووسێت و وەک شاعیر بناسرێت ھەوڵی وێنەی کێشانی ھەبووە و خەونیشی بووە بەردەوامی بەو ھونەرە بدات، ھەتاکو مردیش لە پاڵ  شیعرەکانیدا وەک شێوەکارێکیش تێڕوانینی خۆی ھەبوو، ھەروەھا لەو بوارەشدا کاری دەکرد، بەڵام بەھەرھۆیەک بێت دەرفەتی کردنەوەی پێشانگای بۆ نەڕەخسا.

جگە لە ھونەری شێوەکاریش خۆی لە چەندین دیدار دا باس لەوە دەکات کە کاری لە ھونەری نواندنیشدا کردووە، ئەمە جگە لەوەی چەند چیرۆکێکیشی نووسیوە و لە گۆڤارەکانی زەمەنی خۆیدا بڵاوییکردوونەتەوە، ھاوکات وەرگێڕانی ئەدەبیشی بە ڕێژەیەکی کەم کردووە  و لە قۆناغی جیاجیاشدا وەک ڕۆژنامەنووس دەستبەکاربووە.

ئەم دوو تابلۆیەی لێرەدا دەیان بیننن دووان لە کارەکانی ئەو شاعیرەن و چەندینی دیکەشی بە پەرش و بڵاوی لای کەسانی ھاوڕێ و ناسیاوی پارێزراون و ئەگەریشی ھەیە خێزانەکەیشی ھەندێکیان لابێت و زیاتریش لەبارەی ئەو کارانەیە بزانن کە لای کەسانی دیکەن، بۆیە ئێستا کاتێتی کەسانی تایبەت بە بواری ئارشیف خەمێک لە کۆکردنەوەی ئەم تابلۆیانەی ئەم شاعیرە بخۆن، بەھەر جۆرێک بووە لە فەوتان ڕزگاریان بکەن.

ئەم کارەش جگە لەوەی پاراستن و خستەڕووی کۆمەڵێک تابلۆی کەسێکە کە زیاتر وەک شاعیرێک ناسراوە و خەڵکانێک ھیچ ئاگاداری لایەنی شێوەکایی ئەو نین، ھاوکان کارەکانی محەمەد عومەر عوسمان لەسەر ئاستی ھونەری شێوەکاریش بایەخدارن و خاوەن دونیابینی و تایبەتمەدی خۆیان، کە بێگومان تیۆریسان و پیشەمەندانی ھونەری شێوەکاری دەتوانن باشتر ئەو لایەنەی بخەنەڕوو.

دوو تابلۆی (محەمەد عومەر عوسمان) ناسراو بە (ژەنەڕاڵی پایز):


ڕیکلام