70 دەوڵەت ناتوانن ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ هاوڵاتییەکانیان دابین بکەن

  2020-12-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دانیشتوانی جیهان، تا ساڵی ٢٠٢٢ ناتوانن ڤاکسینی کۆرۆنا بەدەست بهێنن.

بە گوێرەی ئەو توێژینەوەیە کە لە لایەن زانکۆی جۆنز هۆپکینزی ئەمریکییەوە ئەنجام دراوە، ئاماژە بەوە دەکات،  ساڵی داهاتوو دەوڵەتە دەوڵەمەندەکان زیانر لە نیوەی ڤاکسینەکە بۆ خۆیان گل دەدەنەوە.

توێژینەوەکە روونیکردووەتەوە، دەوڵەتە دەوڵەمەندەکان کە ژمارەی دانیشتوانەکانیان بە نزیکەی ١٤%ی سەرجەمی ژمارەی دانیشتوانی جیهان دەبێت، پێشتر داوای زیاتر لە نیوەی ڤاکسینی کۆرۆنایان کردووە، کە چاوەڕواندەکرێت لە ماوە ساڵی داهاتوودا لەژێر دەستی ١٣ کۆمپانیادا دروست بکرێت.

توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، تەنانەت ئەگەر هەموو ئەو کۆمپانیایانەی دەرمان، ڤاکسینی کۆرۆنا دروست بکەن و گەورەترین ڕێژەش بەرهەم بهێنن، ئەوا یەک لەسەر پێنجی دانیشتوانی زەوی تا ساڵی ٢٠٢٢ ناتوانن ڤاکسینەکە بەدەست بهێنن.

داواکاری لەسەر زۆربەی ئەو ڤاکسینە  هەیە کە بەرهەمهاتووە، چونکە پێویستە کەسەکان دوو ژەمیان پێ بدرێت، بۆ ئەوەی بەرگری لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەدەست بهێنن.

لە لایەکی ترەوە، (هاوپەیمانی کوتانی گەلان) کە دامەزراوەیەکی پێگەیشتووی هاوکارییە لە نێوان ڕێکخراوی ئۆکسفام و ڕێکخرەوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا دەڵێت، لە ساڵی داهاتوودا ٧٠ دەوڵەتی هەژار ناتوانن ٩٠%ی دانیشتوانەکانیان بە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بکوتن.

هەر لەو چوارچێوەیەدا فلیب کلارک مامۆستای ئابوری تەندروستی لە زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی ڕایگەیاند، ئەو وڵاتانەی کە خاوەنی داهاتێکی بەرزن، وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا، لە ڕیزی یەکەمی ئەو وڵاتانەن کە دەتوانن فاکسینەکە بۆ هاوڵاتییەکانیان دابین بکەن.

کلارک ئاماژەی بەوەشکردووە، شکستەکە ئاشکرایە، خۆی دەبینێتەوە لە نەبوونی دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی کە کۆمەکێکی بەهێز بکرێت، بۆ دابینکردنی تێچووی دروستکردنی ڤاکسینەکە لەسەر ئاستی جیهان.

تا ئێستا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ملیۆنک و ٦٣٦ هەزار کەس لەسەر ئاستی جیهان گیانیان لەدەستداوە.

ژمارەی ئەو کەسانەش تووشبوون لەسەر ئاستی جیهان، گەیشتووەتە ٧٣ ملیۆن و ٤٦٢ هەزار و ٣٤٠ کەس، لەو ژمارەیەش ٤٧ ملیۆن و ٢٠٢ هەزار و ٨٠٠ کەس چاکبوونەتەوە.

لەسەر ئاستی جیهان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زەرەمەندترین وڵاتە لە پەتاکە، کە تا ئێستا ٣٠٣ هەزار و ٨٦٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٦ ملیۆن کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون.



ڕیکلام