عێراق هێڵی ئاسنی عێراق - سوریا - تورکیا بەگەڕ دەخاتەوە

  2020-12-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کۆمپانیای گشتی هێڵی ئاسنی عێراق ئاشکرایکرد، پلانیان هەیە بۆ دوبارە زیندووکردنەوەی هێڵی ئاسنی عێراق لەگەڵ سوریا و تورکیا.

تالیب حسەینی بەڕێوەبەری گشتی هێڵەکە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە، هێڵەکانی ئاسن لە هەندێک ناوچە بەهۆی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە دژی چەکدارانی داعش، ڕوبەڕوی تێکدان و زیانی گەورە بووەتەوە، بە تایبەت لە ناوچەکانی باکور و خۆرئاوا و ڕۆژهەڵات ڕێژەی زیانەکان گەیشتووەتە ١٠٠%.

حسەینی ئاماژەی بەوەەشکرد، کادێر و ئەندازیارەکانیان توانیویانە هێڵی ئاسنی نیوان بەغدا و فەلوجە بخەنەوە گەڕ، سەرقاڵی چاککردنەوەی هیڵی فەلوجە عوکاشاتن لە پارێزگای ئەنبار.

هەروەها بەم دواییانە توانراوە هێڵی بەغدا - سامەڕا، سامەڕا – بێجیش چاکبکرێنەوە، هەروەها بەستنەوەی پاڵاوتگەی گەیارە بە  شاری موسڵەوە.

سەبارەت بە وێستگەی هێڵی ئاسنی کەرکوک، حسەینی ئاماژەی بەوەکرد، وێستگەکە لە دەرەوەی تۆڕی ئاسنی عێراقییە، ئەوییش بەهۆی ئەو زیانە گەورەیەی کە بەر پردی فەتحە کەوتووە، هەروەها پردێکی دیکەی نێوان بێجی و کەرکوک بە تەواوی خاپور بووە، وەزارەتەکەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلانداناندا سەرقاڵی تەرخانکردنی بودجەی پێویستن بۆ دووبارە چاککردنەوەی پردەکان و دووبارە گێرانەوەی کەرکوک بۆ ناو تۆڕی هێڵی ئاسنی وڵاتەکە.

سەبارەت بە پرۆژەکانی داهاتووشیان ئەو بەرپرسە باڵایەی هێڵی ئاسنی عێراقی ڕایگەیاند، کاردەکەن لەسەر بەستنەوەی هێڵەکە لەگەڵ تورکیا، بۆ ئەو مەبەستەش هەفتەی ڕابردوو شاندیکی هێڵی ئاسنی عێراق سەردانی تورکیای کردووە، بە مەبەستی بەگەڕخستنەوەی هێڵی ئاسنی عێراق تورکیا سوریا..

هەروەها هێڵێکی پێشنیاز کراویش هەیە کە لە ناوچەی ڕەبیعەوە درێژ دەبێتەوە بۆ بیشخاپور لە سنوری عێراق و تورکیا ، ئەوەش بە یەکێک لە پرۆژەکانی ئیستا دادەنرێت، کە لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەوە لەگەڵ کۆمپانیای گشتی هێڵی ئاسندا جێبەجێ دەکرێت.

 



ڕیکلام