ناوەرۆکی کۆبوونەوەی شاندی هەرێم و پەرلەمانی عێراق ئاشکراکرا

  2020-12-16  | 
بەغدا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان داوای لە ئە‌نجومە‌نی نوێنە‌رانی عێراق کرد، هاوكار بێت بۆ جێبە‌جێ كردنی یاسای کورتهێنانی دارایی‌ و دابینكردنی ماف و شایستە‌ داراییە‌كانی هە‌رێمی كوردستان و لەبەرامبەردا سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەڵێنیدا، پاڵپشتی لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکەن.

لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئێوارەی ئەمڕۆ (16 كانونی یەكەمی 2020) وەفدی باڵای حکومەتی هەرێم، سەردانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان کرد و لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، هەردوو جێگرەکەی و سە‌رۆكی لیژنە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كان، لە هۆڵی دەستوریی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبوونەوەیەكیان ئە‌نجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ناوەڕۆکی دانووستانەکانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵی ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند "حکومەتی هەرێم پابەندە بە یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی و ئامادەیە ئەرکەکانی خۆی بەپێی یاساکە جێبەجێ بکات، لە بەرامبەریشدا داوای كرد ئە‌نجومە‌نی نوێنە‌ران هاوكار بێت بۆ جێبە‌جێ كردنی یاساكە‌ و دابینكردنی ماف و شایستە‌ داراییە‌كانی هە‌رێمی كوردستان ".

لە دوای وتەکانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان لەبارەی دانووستانەکانی هەرێم و بە‌غدا پێشكەش كرد و لەمبارەیەوە گفتوگۆ و بیروڕا ئاڵوگۆڕكران.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، رایگەیاند، پەرلەمان پاڵپشتی لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات، ئەو چارەسەرەش خۆی لە پابەندبوونی هەر دوو حکومەتی هەرێم و بەغدا بە دەقی یاساکان دەبینێتەوە.



ڕیکلام